كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رایگەیاند، حزبەكەیان لە گفتوگۆكانی دروستكردنی هاوپەیمانییەك لەنێوان هێزەكانی دەرەوەی دەەسەڵات نەكشاوەتەوەو سورە لەسەر دروستکردنی ئەو هاوپەیمانییە فراوانە بەئاڕاستەی بەرژەوەندی گشتی خەڵک.
ئاوێنە: لیژنەی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، "دروستكردنی هاوپەیمانییەكی سیاسیی لەنێوان هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات، خواست و ئامانجی كۆمەڵی دادگەریی بوەو لەم پێناوەشدا لەگەڵ یەکگرتوی ئیسلامی، دەستپێشخەریی و پرۆژەمان هەبوەو هەنگاوی جدیشمان بەو ئاڕاستەیەدا ناوە."
ئاماژەی بەوەشداوە "چەند كۆبونەوەیەكیش لەنێوان هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی دەسەڵات بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدرا، بەڵام بەداخەوە هەر لە سەرەتاوە هەوڵی شکستپێهێنانی دەدرا."
كۆمەڵ رایگەیاندوە، حزبەكەیان "لە گفتوگۆکانی دروستکردنی هاوپەیمانەتی نەکشاوەتەوەو زۆر جددیش بوە چونکە خۆی خاوەنی پڕۆژەکە بوە و تا ئێستا بەردەوام و سورە لەسەر دروستکردنی ئەو هاوپەیمانییە فراوانە بەئاڕاستەی بەرژەوەندی گشتی خەڵک."
بەقسەی كۆمەڵی دادگەری "لە كۆبونەوەی ڕابردو، نوێنەرانی نەوەی نوێ دوای ئەوەی هەندێ پێشنیارکرا هۆڵی كۆبونەوەیان بەجێهێشت."
ئاماژەی بەوەشداوە "شەوی ڕابردو ڕەوتی هەڵوێستیش كشانەوەی خۆی لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانییە سیاسییە ڕاگەیاند."
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیدا، كۆمەڵ هەڕەشەی ئەوەی كردوە كە "ئەگەر هەر لایەنێك هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕاستییەكان و چەواشەكردنی خەڵك بدات ئەوا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاستییەکان بۆ ڕایگشتی ئاشكرا دەکەین."