مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، بڕیارەكەی پەكەكە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەو كۆتاییهێنان بە تێكۆشانی چەكداری، جێگەی پێزانینە.
ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە پەیامێكدا لە تۆڕی ئێكس وتی"بڕیارەكەی پەكەكە بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێكخستنەكانی خۆی و كۆتاییهێنان بە تێكۆشانی چەكداری و دەستپێكردنی پڕۆسەی سیاسەتی دیموكراتی لەسەر بنەمای بانگەوازەكەی سەرۆك ئۆجەلان، جێگەی پێزانینە."
فەرماندەی گشتی هەسەدە وتوشیەتی"لەماوەی قۆناغی رابردودا، پەكەكە رۆڵێكی مێژویی و سەرەكی گێڕا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێمە لەو باوەڕەداین كە ئەم هەنگاوە نوێیە، رێگە خۆش دەكات بۆ پڕۆسەیەكی نوێی سیاسی و ئاشتی لە ناوچەكە."
ئاماژەی بەوەشداوە "هیوامان بەوە هەیە كە هەمو لایەنە پەیوەندیدارەكان هەنگاوی پێویست هەڵگبرن و پشتیوانی خوازراو پێشكەش بكەن."