2021-07-07   636     
لە دوو هێرشی جیاوازدا کێڵگەی نەوتی عومەر لە دێرەزوری ڕۆژئاوای کوردستان و بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری عێراق کرانە ئامانج و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش برینداربوونی سێ کەسی لە هێرشەکانی عەین ئەسەد ڕاگەیاند.
ئاوێنە: فەرهاد شامی بەرپرسی نوسینگەی میدیا و زانیاریی هەسەدە لە تویتێکدا ڕایگەیاند، “لەکاتژمێر 10:15 بەکاتی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، هێزەکانمان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی داعش و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەرپەرچی هێرشێکیان لە ناوچەی (حقل عمر) لە دێرەزور دایەوە، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدرابوو”.
کەمێک بەرلە ئێستا میدیا عێراقییەکان لەزاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویانکردەوە، هێرشێکی موشەکی کراوەتەسەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار.
واین مارۆتۆ وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە تویتێکدا ڕایگەیاند، بە 14 موشەک هێرشکراوەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد، دوو برینداریش لە هێرشەکە کەوتووەتەوە.
سەرچاوە عێراقییەکان ئاشکرایانکردووە، موشەکەکان لە ناحیەی بەغدادی سەربە قەزای هیت لە پارێزگای ئەنبار تەقینراون.
درەنگانی شەوی ڕابردووش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایەسەر فڕۆکەخانەی هەولێر و هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتەوە.