2021-07-10   302     
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق ئه‌مڕۆ شه‌ممه رایگه‌یاند، به‌ره‌چاوكردنی راسپارده‌كان هه‌ر بڕیارێك پێویست بێت بۆ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له رۆژانی جه‌ژنی قوربان، لیژنه‌ی باڵای ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی ده‌ریده‌كات.
ئاوێنه: ره‌بی فه‌لاح، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه رایگه‌یاند، به‌پێی دواین راپۆرتی رۆژانه‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، دۆخه‌كه له‌لایه‌ن پسپۆڕانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی عێراق و هه‌روه‌ها پسپۆڕانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كرێت، پاشانیش ڕاسپارده ده‌رده‌كه‌ن، لیژنه‌ی باڵای ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی نیشتیمانییش به‌ره‌چاوكردنی راسپارده‌كان، بڕیار له‌سه‌ر رێكاری خۆپارێزی ده‌دات.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ئه‌گه‌ر له‌راسپارده‌كاندا ئاماژه به‌پێویستی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له رۆژانی جه‌ژنی قوربان بكرێت، بێگومان به‌ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان، لیژنه‌ی باڵای ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی نیشتمانی بڕیاری پێویست له‌وباره‌یه‌وه ده‌رده‌كه‌ن.
وتیشی، "دۆخی بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا له عێراق مه‌ترسیداره، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ژماره‌ی توشبوان روی له‌زیادبون كردوه، بۆیه داوا له هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین كه په‌له بكه‌ن له تۆماركردنی ناوه‌كانیان بۆ وه‌رگرتنی ڤاكسین، ڕێوشوێنه خۆپارێزیه‌كانیش جێبه‌جێبكه‌ن".
به‌گوێره‌ی دواین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق ، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردودا 39 (سی و نۆ) توشبوی كۆرۆنا مردون، 6821 (شه‌ش هه‌زار و هه‌شتسه‌د و بیست و یه‌ك) توشبوی دیكه تۆماركراون، كۆی گشتی به‌كارهێنانی ڤاكسینیش گه‌یشتوه‌ته 1.018.966 (ملیۆنێك و هه‌ژده هه‌زار و نۆسه‌د و شه‌ست و شه‌ش) ژه‌م.