فواد حسێن: لەسەر خشتەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق رێكدەكەوین
  2021-07-21       470       

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق كە بۆ بەشداریكردن لە خولی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان وڵاتەكەی و ئەمریكا لە واشنتۆنە رایگەیاند، ئەم حولەی گفتوگۆكان، دوایین خول دەبێت و رێككەوتن لەبارەی خشتەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لەخۆدەگرێت.

ئاوێنە: فواد حسێن، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی عێراق وتی: خولی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریكا، دوایین خولی گفتوگۆكان دەبێت.

وتیشی، لەم خولەی گفتوگۆكاندا رێككەوتن لەبارەی خشتەیەك بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكرێت.

فواد حسێن جەختیشی كردەوە كە "هیچ بنكەیەكی سەربازی ئەمریكا لەعێراق بونی نییە"و "ئەمریكییەكان لەنێو بنكە سەربازییە عێراقییەكاندا بونیان هەیە نەك بنكەی سەربازی ئەمریكی."

وەزیری دەرەوەی عێراق وتیشی، ئیدارەی ئێستای ئەمریكا لە دۆخەكان لە عێراق بەشێوەیەكی جیاواز لە ئیدارەی پێشو تێدەگات.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە لە دیداری نێوان مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكادا، تاوتوێی كۆی پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمریكا دەكرێت.

فواد حسێن پێشی وایە كە لەدوای كۆتاییهاتنی گفتوگۆكان عێراق و ئەمریكا دەگەڕێنەوە بۆ رێككەوتنی ساڵی 2008 و جەختیشی كردەوە كە رێكخراوی داعش هێشتا هەڕەشەیەو هێشتا عێراق پێویستی بە پشتیوانی هەواڵگریی ئەمریكایە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×