عێراق لەبارەی كۆچبەرانەوە وەڵامی یەكێتی ئەوروپا دەداتەوە: هانی هاوڵاتیانمان نەداوە بۆ كۆچ
  2021-07-30       518       

راوێژکارێتی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لەوەڵامی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بەو کۆچبەرە عێراقیانەی لەڕێگەی گەشتكردن بۆ بیلاڕوسیا لەوێوە بەنایاسایی خۆیان دەگەیەننە لیتوانیا دەڵێت: "عێراق هانی هاوڵاتییەکانی نەداوە کۆچ بکەن."

ئاوێنە: راوێژکارێتی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاندوە، عێراق هانی هاوڵاتییەکانی نادات کۆچبکەن، بەڵام هەندێک کەس لەلایەن قاچاخچی و باندی نایاساییەوە فریو دەدرێن و بڕیاری کۆچکردن دەدەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە فڕۆكەخانەی بەغداوە گەشتی یاسایی بۆ بیلاڕوسیا دەكرێت و بیلاروسیا بە یاسایی رێگەی بە هاوڵاتیان و گەشتیارانی عێراقی داوە گەشت بۆ وڵاتەکە بکەن و داخڵی ئەو وڵاتە ببن، لەسەر ئەو بنەمایەش عێراق ناتوانێت رێگە لە هاوڵاتیانی بگرێت بۆ هیچ وڵاتێک کاتێک بە شێویەکی یاسایی گەشت دەکەن.

لە رونكردنەوەكەدا هاتوە، دەبو یەکێتی ئەوروپا لەرێگەی نوێنەرەکانەوە لە بەغدا ئەو رونکردنەوەی بدایە، نەک تۆمەتێکی لەو جۆرە راستەوخۆ بخاتە پاڵ عێراق.

پێشتر یه‌كێتی ئه‌وروپا داوای رونكردنه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق كردبو، سه‌باره‌ت به‌ به‌كارهێنانی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا بۆ گواستنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بۆ بیلاروس، تا له‌وێوه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ لیتوانیا.

جۆزێپ بوریل، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا وتبوی: پێویسته‌ به‌غدا رونكردنه‌وه‌ بدات.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا سێشه‌ممه‌ی رابردو، له‌گه‌ڵ هاوتا عێراقییه‌كه‌ی، فوئاد حوسێن كۆببوەوە.

جۆزێپ بوریل تویتێكیشی كردبو‌ و نوسیبوی: ئه‌و پرسه‌ ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ یه‌ك وڵاته‌وه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی هه‌مو یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌.

هه‌روه‌ها دوێنێ له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌یه‌كی ئیسپانی بۆریل ئاشكرایكردوه‌، په‌نابه‌ره‌ عێراقییه‌كان له‌ به‌غداوه‌ به‌ فڕۆكه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ مینسكی پایتەختی بیلاڕوسیاو پاشان به‌ پاس رویان له‌ سنوری لیتوانیا كردوه‌و به‌ نایاسایی سنوریان به‌زاندوه‌.

ره‌خنه‌شی له‌ بیلاڕوسیا گرت و وتی: ئه‌و وڵاته‌ وه‌ك سزایه‌ك له‌ دژی ئه‌وروپا، په‌نای بۆ به‌كارهێنانی په‌نابه‌ران وه‌ك چه‌كێك بردوه‌.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌، 2700 په‌نابه‌ر له‌ لیتوانیا تۆمار كراوت، كه‌ زۆرینه‌ی ره‌هایان عێراقی بون‌.


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×