وەستا ڕەسوڵ: ئەمریکا لەهەرێم ناکشێتەوە
  2021-08-03       1097       
وەستا ڕەسوڵ
فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان ناکشێنەوە، تەنانەت گەر لەعێراقیش بکشێنەوە، چونکە دۆخی هەرێمی کوردستان جیاوازە بۆ ئەو هێزانە.

ئاوێنه‌: وەستا ڕەسوڵ، فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگەو ڕاوێژکاری سەربازی هاوسەرۆکانی یەکێتی، به‌دەنگی ئەمریکای‌ وتووه‌، "ئەمریکا گەورەترین کونسوڵخانەی لە هەرێم دروستکردووە و پێویستی بە هێزی زۆر هەیە بۆ حیمایەکردنی، پاشان هەرێم خەتی تەماسە لەگەڵ ڕۆژئاواو ئەمریکا تا ئێستا پشتیوانی ڕۆژاوایە، بۆیە هێزەکانی ئەمریکا لەعێراقیش بکشێنەوە، لەهەرێم دەمێننەوە."

دەربارەی هۆکاری پاڵپشتیکردنی بەردەوامی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بە چەک و تەقەمەنی و مەشق و ڕاهێنان، ئەو گومانانەی کە دروستبوون بەوەی ئەوان هەوڵ دەدەن پێشمەرگە لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ، پێش ئەوەی بکشێنەوە، وەستا ڕەسوڵ دەڵێت، "هاوپەیمانان لە ساڵی 2015 ەوە تائێستا دەعمی پێشمەرگە دەکەن، بودجەیەکی ساڵانە لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاوە بۆ دەعمی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەرخانکراوە و ئەم دەعمە تا ساڵی 2025 بەردەوامی دەبێت، بۆیە دەعمەکە هیچ پەیوەندی بە کشانەوە و نەکشانەوە نیە."
 
سەبارەت بە هۆشداریدانی لە کۆنترۆڵکردنی هەندێک شار و شارۆچکە لەلایەن داعشەوە، لەدوای کشانەوەی ئەمریکا، زانیاریە یاخود شیکردنەوەیە، وەستا ڕەسوڵ رایگه‌یاندووه‌، "ئێمە له‌ناو داعش سەرچاوەمان هەیە، هەنگاوەکانیشیان دیارە، دەشتی حەویجە تەنها جادە سەرەکیەکانی بەدەست سوپاوەیە، هیچ جێگەیەکی تر بەدەست عێراقەوە نەماوە، داعش کوێی بوێ، کۆنتترۆڵی بکات، سوپا ناتوانێت بەری پێبگرێ."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×