پێشبینی كەشناسی هەرێم بۆ كەشوهەوای ئەمشەو و سبەینێ
  2021-08-05       708       

كەشناسی هەرێم، كەمێك لەمەوبەر، پێشبینی خۆی بۆ كەشوهەوای ئەمشەو و سبەی هەینی خستەڕو و دەڵێت: سبەی پلەكانی گەرما كەمێك دادەبەزن و لەئێوارەو شەودا پێشبینی نمەباران دەكرێت.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، ئەمشەو پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"پێشبینى دەکرێ ئەمشەو ئاسمانى ناوەڕاستى هەرێم ساماڵ و پەڵەهەور بێت و ئاسمانى ناوچەکانى باکورو ڕۆژهەڵات پەڵەهەورو هەندێ کات نیمچە هەور بێت هەروەها خێرایی با لە دوای نیوەشەو لە سنوری هەولێر چالاک بێت بۆ 20کیلۆمەتر لە سەعاتێكدا."

ئەوەشی خستۆتەڕو"سبەى هەینی پلەکانى گەرما کەمێک دادەبەزن و هەروەها بەهۆی ناسەقامگیری کەشوهەواوە سبەى پێشبینى دەکرێ لە ئێوارەو شەودا ئاسمان بگۆڕێت بۆ هەورو نیمچەهەور لەگەڵ هەورە بروسکەو نمە باران لە کات و شوێنى جیاواز، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان."

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا، كەشناسی هەرێم، ئەوەشی ئاشكراكردوە كە لە ماوەى 12 سەعاتی رابردودا 0.4 ملم باران لە سەنتەرى شاری سلێمانى باریوە بەڵام لە هەندێ شوێنى ترى شارەکەدا بڕێکى زیاتر باران باریوەو لە ناحیەى پیرمامیش دڵۆپ دڵۆپ باران باریوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×