رابەری سەربەخۆخوازەكانی كەتەلۆنیا لە ئیتاڵیا دەستگیركرا
  2021-09-24       771       

كارلس پوجدمۆن، یەكێك لە رابەرانی سەربەخۆخوازەكانی هەرێمی كەتەلۆنیا، بە بڕیاری یاسایی ئیسپانیا لە دورگەی ساردینیا لە رۆژئاوای ئیتاڵیا دەستگیركرا.

ئاوێنە: حكومەتی ئیسپانیا، بە پاساوی ئەوەی ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017ی كەتەلۆنیا بۆ سەربەخۆیی، كارێكی نایاسایی بوە، كارلس پوجدمۆن-ی لەسەر رۆڵی لە ریفراندۆمەكەدا بە "یاخی بو" تۆمەتباركردوە.

كارلس پوجدمۆن، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپاو دانیشتوی بەلجیكایەو بەر لە هەڵاتنی لە ئیسپانیا سەرۆكی حكومەتی لۆكاڵییەكەی كەتەلۆنیا بو.

بەپێی قسەی پارێزەرەكەی، كارلس پوجدمۆن، ئەمڕۆ هەینی لە بەردەم دادگا ئامادە دەبێت و ئەگەری هەیە لەلایەن ئیتاڵیاوە رادەستی ئیسپانیا بكرێتەوە.

ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017ی هەرێمی كەتەلۆنیا، قەیرانێكی سیاسی گەورەی لە ئیسپانیا بەدوای خۆیدا هێناو دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمەكە، حكومەتی ناوەندیی مەدرید، ئیدارەی هەرێمی كەتەلۆنیای گرتە دەست.

كارلس پوجدمۆن، وەك پەرلەمانتاری ئەوروپا خاوەنی حەسانەی یاسایی بو، بەڵام بەر لە چەند مانگێك ئەو حەسانەیەی لێوەرگیرایەوە.

كارلس پوجدمۆن بۆ بەشداریكردن لە فێستیڤاڵێكی كەتەلۆنیەكان سەردانی ئیتاڵیای كردبو و لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستگیركرا.

پیەر ئاراگۆنس، سەرۆكی ئێستای حكومەتی كەتەلۆنیا كە ئەویش كەسێكی سەربەخۆخوازە، ئیدانەی دەستگیركردنی كارلس پوجدمۆن-ی كرد و رایگەیاند، دەبێت "سەركوتكردنی یاسایی رابگیرێت."

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×