هاوپەیمانی ئۆکەس، بۆچی لەم کاتەدا؟
  2021-09-26       1573       

عامر سابیر

 

هاوپەیمانی (ئۆکەس) لە 15/9/2021 لە لایەن هەر سێ وڵاتی ئوسترالیا و بەریتانیا و ئەمریکادا ڕاگەیەندرا. ناوەڕۆکی ئەم هاوکارییە ئەوە بوو کە ئەمریکا تازەترین تەکنەلۆجیای ناوکی (نەوەوی) خۆی ئەدات بە ئوسترالیا و 8 غەواسە (سەبمەرین) بە هاوکاری بەریتانیا بۆ ئوسترالیا دروست ئەکەن. ئەمریکا تا ئێستا تەنها هەندێ لە تەکنەلۆجی نەوەوی (ناوکی) خۆی بەس بە بەریتانیا داوە. وە ئوسترالیا ئەبێ بە دووەم وڵات کە پێی ئەدرێ.

لە ساڵی 2016 دا ئوسترالیا عەقدێکی لە گەڵ فەرەنسادا کرد، کە بە بڕی 90 بلیۆن دۆلاری ئوسترالی کە یەکسانە بە (55 بلیۆن یۆرۆ) فەرەنسا 12 غەواسە بۆ ئوسترالیا دروست بکات و بڕیار بوو لە کۆتایی ئەم ساڵی 2021 ەدا بچێتە خانەی جێبەجێکردنەوە و دەستی پێ بکرێ. کاتی خۆی بۆ ئەم پرۆژەیەی ئوسترالیا، زۆر وڵات بەشداری لەو پێشبڕکێیەدا کرد و لە هەوڵی بردنەوەی ئەم پرۆژەیەدا بوون. تا لە کۆتایدا لە بەینی یابان و فەرەنسادا، ئوسترالیا فەرەنسای هەڵبژارد بۆ دروستکردنی ئەم سەبمەرینانە.

ئەو 12 غەواسەیەی کە فەرەنسا بڕیاربوو درووستی بکات، غەواسەی تەقلیدی بوون.  واتە بە گازوایل ئیشیان ئەکرد. ئەم 8 غەواسەیەی کە ئێستا بڕیارە ئەمریکا و بەریتانیا درووستی بکەن، بە وزەی ئەتۆمی کار ئەکات. جیاوازی سەرەکیان ئەوەیە کە ئەمانەی بە وزەی ناوکی (ئەتۆمی) ئیش ئەکات، خێراتر و گەرەتر و بۆ ماوەی چەندین ساڵ (تەنانەت تا 30 ساڵ، کە هەموو تەمەنی غەواسەکەیە) ئەتوانێ لە ژێر ئاودا بمنێنێتەوە و بەردەوام وزەی هەیە. تاکە شتێک کە پێویستی پێبێ کە بۆی بێتە سەر ڕووی دەریا، وەرگرتنی ئاو و خواردنە بۆ سەرنشینەکانی. تا ئیستا 6 وڵات خاوەنی ئەم جۆرە غەواسانەیە کە بە وزەی ئەتۆمی کار ئەکات (ئەمریکا، ڕوسیا، چین، هیندستان، بەریتانیا و فەرەنسا).  ئێستا ئوسترالیا ئەبێت بە وڵاتی حەوتەم.  

ئوسترالیا لە پڕدا، بەبێ ئەوەی فەرەنسا ئاگادار بکاتەوە، ئەم ئەقدەی هەڵوەشاندەوە و لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیادا ڕێکەوت بۆ درووستکردنی 8 سەبمەرین. هەرچەندە ئوسترالیا ئەڵی کە ئامادەین هەموو ئەو تەعویزەی کە ئەکەوێتە سەرمان لە بری هەڵوەشانەوەی عەقدەکە لە گەڵ فەرەنسادا ( کە بە بڕی 140 ملیۆن دۆلار بۆ 404 ملیۆن دۆلار دائەندرێ) بدەین بە فەرەنسا. بەڵام ئەم بڕیارە فەرەنسای زۆر تووڕە کرد و ئەم ڕێکەوتنەی ئۆکەسی بە لێدانی خەنجەر لە پشتەوە وەسف کرد کە هاوپەیمانەکانی (ئەمریکا و ئوسترالیا) لێیان داوە. فەرەنسا سەفیرەکانی لە واشنتۆن و کانبیراوە بانگکردەوە. فەرەنسا زیاتریش بەوە تووڕە بووە کە پێشوەخت هیچ پرس و ڕایەکی پێنەکراوە لەسەر هەڵوەشانەوەی ئەم عەقدە و ئەم ڕێکەوتنە نوێیە.

بۆچی لەم کاتەدا، ئەم هاوپەیمانێتییە کە ناویان ناوە (ئۆکەس)؟ لە کاتێکدا چەندین ڕیکەوتنی لەم جۆرە لە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چین لە ناوچەی (ئیندۆ پاسفیک و ساوس چاینە سی). بۆ نمونە  لە 2007 دا ڕێکخراوی (کواد) (1) لە بەینی (ئەمریکا و ئوسترالیا و هیندستان و یابان) دا پێکهێنراوە بۆ هەواڵگری سیخوڕی و سەربازی و بەرەنگاربوونەوەی چین. وە پێشتریش ڕێکخراوی (5 چاو) (2) کە لە نێوان (ئەمریکا و کەنەدا و بەریتانیا و ئوسترالیا و نیوزیلەند) دا پیکهێنراوە.

ئەمریکا کە لە ئەفغانستان کشاوەتەوە و تالیبانی هێنایەوە سەر حەکم. ئەمە نەک هەر لە ئاستی دنیادا، بەڵکو لە ناوخۆشدا بە شکستێکی گەورە بۆی بە حیساب کراوە. هەروەها لە ناوخۆدا قڵشتێکی چینایەتی گەورە و هەژارییەکی بێ وێنە و ئەزمەی قوڵی سەرمایەداری و ڕۆچوونی ئیقتیسادەکەی و نەتوانینی ڕاگرتنی هەژموونی بەرەوپێش چوونی چین. وای لە ئەمریکا کردووە کە وەک هەلێکی زێڕین ئەم (ئۆکەس)ە ببینێ، تا هەژموونی باڵادەستی خۆی بە دنیا و بە دۆست و بە نەیارانی ڕابگەیەنێتەوە.

بەریتانیا بە دوای برێکست و دەرچوونی لە یەکێتی ئەوروپا، کۆشەگیر کەوتبۆۆوە و ئەم (ئۆکەس)ە هەلێکی زێڕین بوو بۆی تا عەقدەکەی فەرەنسا لەگەڵ ئوسترالیادا بە شکست بهێنێ و خۆی وەک یارییکەرێکی جیهانی پێناسە بکاتەوە.

ئوسترالیا کە لە سەر داخوازی دۆناڵد ترامپ (سەرۆکی پێشووی ئەمریکا) لە سەرەتای 2020 دا بیانووی بە چین گرت و داوای لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی دەکرد لەسەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس. ئەمە چینی تووڕەکرد. ئوسترالیا کە 35٪ هەناردەی دەرەوەی لە ئاسن و گاز و خەڵوز و گۆشت و شەراب ئەنێرێ بۆ چین. چین کڕینی شتی لە ئوسترالیا کەم کردەوە. ئەمە فشارێکی گەورەی لەسەر حکومەتی ڕاستی ئوسترالیا دروست کرد. ئۆکەس هەلێکی زێڕین بوو بۆی، تا بە چین بڵێ ئەگەر تۆ سزای بازرگانیمان ئەدەی. ئەوا ئێمەش شتمان لەدەس دێ و ئاوا تۆڵەت لێ ئەکەینەوە.

ئوسترالیا لە ساڵی 1973 وە  ڕێکەوتنی بڵاونەبوونەوە و بەکارنەهێنانی چەکی ئەتۆمی (3) ئیمزا کردووە و ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە. وە لە 1998 ەوە ڕێکەوتنی قەدەغەکردنی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (4) ئیمزا کردووە. وە حکومەتی ئوسترالیا ئەڵێ کە ئەمان پابەندن بەو ئیمزایانەی کردوویانە و هەوڵی دروستکردن و بلاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی نادەن و ئەم غەواسانەش هیچ چەکێکی ئەتۆمی لەسەر نییە و تەنها بە وزەی ئەتۆمی ئیش ئەکەن و ئەمەش دژایەتی نییە لەو ڕێکەوتنانەی کە لە 1973 و 1998 دا ئیمزامان کردووە.

بنکەی (پاین گاپ) لە ئوسترالیا و بنکەی (ئێن ئیس ئەی ) لە مێنوز ‌هیڵ لە بەریتانیا.

Pine Gap (in Australia) & NSA’s Menwith Hill Base in the UK.
لە ساڵی شەستەکانەوە ئەمریکا لە ناوەڕاستی ئوسترالیادا بنکەیەکی عەسکەری و سیخوڕی درووستکردووە کە ناوی (پاین گاپ)ە نزیک بە 800 کەسی ئوسترالی و ئەمریکی تیایدا کار ئەکەن و دەفری سەتەڵایتی گەورەی تیادایە. ئەم بنکەیە لە گەڵ ئەو بنکەیەی ئەمریکا کە لە بەریتانیا هەیەتی، سیخوڕی تەواوی کۆمیونیکەیشنی دنیایان لە ژێر دەستدایە و هەموو درۆن و دەفرە سیخورییەکانی ئەمریکا و ئەو کوشتارگایەنەی کە لە عێراق و ئەفغانستان و وڵاتانی تردا لە ڕیگەی درۆنەکانیانەوە ئەنجامی ئەدەن. لەم دوو بنکەیەوە ئاڕاستە ئەکرێ و ئەنجام ئەدرێ.

گەرچی ئۆکەس لە لایەن میدیاکانی ئەم سێ وڵاتەوە، وەک گۆڕانکاری و دەسکەوتێکی گەورە وەسفکرا. لە ڕاستیدا تەنها موعامەلەیەکی بازرگانی بوو. بەڵام گێچەڵ و شەڕفرۆشتنی ئەمریکا بە چین و هەڵگیرساندنی شەڕی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و بەرپاکردنی جەنگێکی تری جیهانی و خاپورکردنی گۆی زەوی و کوشتنی دەیان ملیۆن کرێکار لە شەڕەکانیاندا. خەتەرێکی زۆر واقیعی و ترسناکە.

ئەرکی ئێمە کرێکاران و هەموو بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی جیهان و هەموو نەقابەکرێکاری و حیزبە چەپ و سۆشیالیستەکانە، کە بەر بەشەڕێکی تری ماڵوێرانکەری سیستەمی سەرمایەداری بگرێ و سۆشیالیزم و ئایندەیەکی پڕشنگدار بخاتە بەردەم کۆمەڵگای بەشەری.
پێویستە چەوسانەوە و کەڵەکەکردنی سەمایە و شەڕ و ماڵوێرانی و ئاوارەیی و هەڵاواردن و برسێتی و چەکی ئەتۆمی کەبەرهەمی سیستەمی سەرمایەدارییە، بگۆڕین بە سۆشیالیزم و بنیاتنانی خۆشبەختی و پێکەوەژیان و ئینسان دۆستی و ژینگە پارێزی و ئاشتی و یەکسانی و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆسەرچەم دانیشتوانی سەرگۆی زەوی.

 

تێبینی:
1)
The Quadrilateral Security Dialogue also known as the (Quad) is a strategic dialogue between the United States, India, Japan and Australia, was initiated in 2007. 
2)
The Five Eyes alliance is an intelligence-sharing arrangement between five English-speaking democracies: the US, UK, Canada, Australia and New Zealand. It evolved during the cold war.  
3)
Treaty on the Non-Proliferation of nuclear weapons (Non-Proliferation Treaty=NPT)
(4
Comprehensive Nuclear Test-Ban Treaty (CTBT)

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×