2021-09-27   765     
ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی مێردین رایگەیاند، تورکیا دەچێتە سەردەمێکی نوێوە، باسی چارەسەریی کێشەی کورد دەکرێت، بۆ ئەوەی پرسی کورد بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر ببێت، "هەمو کاتێک پشتگیرییمان کردوە و لەم ڕێیەدا باجی زۆرمان داوە، ئەمڕۆ هەو کەسێک دەبینێت، بێ هەدەپە لە تورکیا کەس نابێتە دەسەڵاتدار".
ئاوێنە: ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی مێردین کە لە ئێستادا لە پۆستەکەی دورخراوەتەوە و قەیوم لە جێگەی دانرا، بەشداریی لە کۆنفڕانسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)دا کرد و رایگەیاند، "دەزانم لە ساڵەکانی نەوەتەوە سیاسەتی قڕکردن، تواندنەوە و فشار هەمو ڕۆژێک بەردەوامە، ئەمڕۆ بە دەیان هەزار هاوڕێمان لە زیندانەکاندان، سڵاوی خۆمان ئاڕاستەی ئەوان دەکەین، لەگەڵ هەمو سیاسەتێکی تواندنەوە، باجی گەورە دراوە، پارتەکەمان بوەتە هیوای گەلەکەمان، ئێمە بڕوامان وایە، لە سیاسەتی دیموکراتیکدا دەبینە ئەندازیاری دواڕۆژ، بێگۆمان بە سیاسەتی قەیومەکان، هەوڵ دەدەن ئێمە و گەلەکەمان لە یەکتری دوربخەنەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کاری قەیوم دیارە، لەمبارەیەوە پارتەکەمان لێکۆڵینەوەی جددیی ئەنجام دەدات، هەمو کارمەندانی قەیوم، بەهۆی گەندەڵیی و بەرتیلخواردن دادگایی دەکرێن، ئامانجیان بەڕێوەبردنی شارەوانی نییە، دیموکراسی بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی پایەیەکی گرنگە، ئەگەر ئێمە خەباتی بەڕێوەبەریی هەرێمیی باشتر بەڕێوە ببەین، پەیوەندی ئێمە لەگەڵ گەل بەهێزتر دەبێت".
ئەحمەد تورک لەبارەی گفتوگۆکانی چارەسەریی کێشەی کورد و موخاتەبەکەی باسی لەوەکردوە، "تورکیا دەچێتە سەردەمێکی نوێوە، باسی چارەسەریی کێشەی کورد دەکرێت، بۆ ئەوەی پرسی کورد بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر ببێت، ئێمە هەمو کاتێک پشتگیرییمان کردوە و لەم ڕێیەدا باجی زۆرمان داوە، ئەمڕۆ هەمو کەسێک دەبینێت، بێ هەدەپە لە تورکیا کەس نابێتە دەسەڵاتدار، هەر بۆ ئەوەی کێشەی کورد چارەسەر ببێت، پێویستە بەر لە هەمو شتێک هەبونی کورد، ناسنامەکەی و زمان و ستاتۆکەی قبوڵ بکرێت".