هۆشیار زێباری: پۆستی سەرۆک کۆمار مافی کوردە و پێویستە لایەنەکان لەسەری بگەنە رێککەوتن
  2021-10-12       968       

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق مافی کوردە و پێویستە لایەنە سیاسیەکان لەسەر ئەو پۆستە رێکبکەون.

ئاوێنه‌: هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگه‌یاند، حزبەکەیان لایه‌نێكی سەرەکی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق دەبێت و لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکەی 10ـی تشرینی یەکەمیشدا، "به‌سه‌دان په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیمان بۆهاتووه‌ و داوای ئه‌وه‌یان كردووه‌، حه‌زده‌كه‌ن دانووستان بكه‌ن و سه‌ردان بكه‌ن، گفتوگۆ بكه‌ن".

هۆشیار زێباری بە کەناڵی کوردستان 24ی راگەیاندوە، "پارتی لایه‌نێکی سەرەکی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق دەبێت، هەروەها ئەگەر هەرێمی کوردستان و کورد نەبوایە پڕۆسەی هەڵبژاردن بە سەرکەوتوویی بەڕێوەنەدەچوو."

ئاماژەی بەوەشکردوە، "له‌دوای به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌سه‌دان په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیمان بۆهاتووه‌ و داوای ئه‌وه‌یان كردووه‌، حه‌زده‌كه‌ن دانووستان بكه‌ن و سه‌ردان بكه‌ن، گفتوگۆ بكه‌ن."

لەبارەی وادەی دەستپێکردنی گفتوگۆکانیش بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق هۆشیار زێباری باسی لەوەکردوە، "له‌چه‌ند رۆژی داهاتووش ده‌بینن ئه‌م گفتوگۆیانه‌ ده‌ستپێده‌كات و په‌ره‌ ده‌سێنێت، ئێمه‌ له‌سه‌ر مێزی دانووستان ده‌بین و ژماره‌ ده‌بین بۆ داهاتووی عێراق، لایه‌نێكی سه‌ره‌كی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق ده‌بین."

بەپێی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، رەوتی سەدر تاوەکو ئێستا زۆرترین کورسییان بەدەستهێناوە کە 76 کورسییە، هەروەها لەنێوان لایەنە کوردستانییەکانیش پارتی زۆرترین کورسیی بەدەستهێناوە کە 32 کورسییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×