دو پەرلەمانتاری كۆمەڵ دەنگۆی بڕینەوەی قاچی ئیسماعیل سوسەیی لەزیندان رەتدەكەنەوە
  2021-10-14       1500       

دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆیەك لەسەر خراپی دۆخی تەندروستی ئیسماعیل سوسەیی و بڕینەوەی قاچێكی لە زیندان، دو پەرلەمانتاری كۆمەڵی داگەری لە پەرلەمانی كوردستان كە سەردانی ناوبراویان كردوە، ئەو دەنگۆیە رەتدەكەنەوە.

ئاوێنە: بەدریە ئـیسماعیل، و روپاك ئەحمەد، پەرلەمانتارانی كۆمەڵی دادگەری، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویانە"‎دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆیەک لەسەر خراپی دۆخی تەندروستی مامۆستا ئـیسماعیل سوسەیی و بڕینەوەی قاچێکی لە زیندان ئـێمە بە پێویستمان زانی سەردانی مامۆستا بکەین."

هەروەها وتوشیانە"‎ئەمڕۆ لە نزیکەوە مامۆستامان بینی و دوای  دڵنیابونەوەمان لە تەندروستی مامۆستا زانیمان ئـەم دەنگۆیە دورە لە ڕاستی و مامۆستا ئیسماعیل ھیچ گرفتێکی تەندروستی نییە."

بەقسەی ئەو دو پەرلەمانتارە ئیسماعیل یاداشتێکی شەش خاڵی پێشکەشکردنون کە "تێیدا زۆر جەخت لەسەر خوێندن و خوێندنەوە دەکات داوا دەکات کە پەرتوکی زیاتری بۆ ببرێتە زیندان ھەر ئـەمڕۆ لەگەڵ لایەنی پەیوەندی دار گرفتەکەیمان چارەسەرکرد."

دو پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی دادگەری جەختیان كردۆتەوە كە "لە داھاتو بەوردی کار لەسەر مافی گیراوان و ڕاگیراوان دەکەین و پاڵپشتی ھەمو مافێکیان دەکەین."

رۆژی 23ی 7ی 2018 لەلایەن چەند چەكدارێكەوە هێرشكرایە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر.

مەلا ئیسماعیل سوسەیی، كە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرابو، بە پلانداڕێژەری ئەو ھێرشەو هەروەها بە بونی پەیوەندی لەگەڵ داعش، تۆمەتباركرا.

رۆژی 15ی 9ی 2019، دادگای هەولێر بە تۆمەتی بەیعەتدان بە داعش، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر ناوبراودا سەپاند.

هەروەها رۆژی 30ی 9ی 2019، لە دانیشتنێكی دیكەی دادگادا، بە تۆمەتی ئەوەی پلانداڕێژەری هێرشەكەی سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر بوە، دادگای هەولێر سزای شەش ساڵی دیكەی زیندانی بەسەر مەلا ئیسماعیل سوسەییدا سەپاند.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×