مستەفا قەرەسو: پێشمەرگەکانی ڕۆژ دانیان بەوەداناوە كه‌ 5 گەریلایان له‌خەلیفانیان شەهید کردووە
  2021-10-15       1094       
مستەفا قەرەسو
مستەفا قەرەسو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆماجڤاکێن کوردستان -کەجەکە- ڕایگەیاند، 5 گەریلاکەی ئه‌وان له‌خەلیفان لەلایەن پێشمەرگەکانی ڕۆژو بەهاوکاری پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان شەهیدکراون، داواشی لەگەلی کورد ده‌كات دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی ڕاپەڕن.

ئاوێنه‌: مستەفا قەرەسو لەدیمانەیەکیدا له‌گه‌ڵ کەناڵی مەدیا خەبەر، چەند زانیاریەکی وردی لەبارەی ڕوداوەکەی ناحیەی خەلیفان ئاشکراکرد کە لەماوەی رابردودا هێرشکرایە سەر گروپێک گەریلا و 5 گەریلا شەهیدبون.

قەرەسو ڕایگەیاند، هیچ گومانێکی تێدا نییە، ئەو 5 گەریلایە بەدەستی پارتی‌ شەهیدبون، ئەوەی لەخەلیفان ڕویدا، بابەتێکی جددیە، بەڵام هێشتا بەرپرسانی سنورەکە هیچ لێدوانێکیان لەبارەوە نەداوە. دەشڵێت، "بێ ئەوەی هۆشیاری و ئاگادار کردنەوەیەکی پێشوەختە بدەنە گەریلاکان، کەچی هێرشیان کردۆتە سەریان و شەهیدیان کردوون، ئەمە دوژمنایەتی و نۆکەریی نییە بۆ داگیرکەر و دوژمنان؟."

ئەندامەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕاشیگه‌یاندووه‌، "ئەو زانیاریانەی دەستمان کەوتوون، پێشمەرگەکانی ڕۆژ خۆیان دانیان بەوەدا ناوە کە ئەو کارەیان ئەنجامداوە، بەو پێیەی پێشمەرگەکانی ڕۆژ، کاتیک لەگەڵ بنەماڵە و خێزانەکانیان لە ڕۆژئاوا قسەیان کردووە، پێیان ڕاگەیاندوون، گەریلاکانی پەکەکە هاتوونەتە خەلیفان و  ئێمەش ڕووبەڕویان دەبینەوە، بەوەش ڕوون و ئاشکرایە، ئەو گەریلایانە لەلایەن هێزە تایبەتەکانی پەدەکە و چەکدارانی ڕۆژشەهیدکراون."

قەرەسوو ئەوەشی بەبیرخستەوە کە  چەکدارانی ڕۆژ فەرمی نیین کەچی موچە و هاوکارییەکانیان، لەسەرقوتی خەڵکی باشوور دابین دەکرێت. ئەو کارەی پارتیش بە ناڕاست و نایەکسانی دەزانێت و دەڵێت، "دواجار لە لاپەڕەکانی مێژوودا ڕووڕەشی بۆ پارتی‌ دەمینیتەوە."

لەبەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا ئەندامەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە وتی، "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، لە ئاست بەرخۆدانی گەریلاکاندا شکستی هێناوە و چەکی کیمیاوی لە دژیان بەکار دەهێنێت، سەرباری ئەوەش هیچ کەس و لایەنێک لەسەر ئەو تاوانە هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرا نانوێنن."

پەیامێکی ئاڕاستەی گەلی کورد کردو ڕایگەیاند، "داگیرکەران لە ئاست بەرخۆدانی گەریلاکان، شکستیان هێناوەو دەیانەوێت بە ڕێ و ڕێبازی دیکە تۆڵەی شکستەکانیان بکەنەوە. گەریلاکان شەڕی پارتیزانی لە دژی داگیرکەران دەکەن، بەڕوحی فیدایی ئاپۆییەوە بەرگری لە کوردستان دەکەن، دەبێت گەلی کوردیش لە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی ڕاپەڕن و دونیا بهەژێنن."

داواشی لە گەنجانی کوردی نیشتەجێی ئەوروپا کردووە، خاوەنداری لە بەرخۆدانی گەریلاکان بکەن و پێشەنگایەتی چالاکییەکان دژی داگیرکاری و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی بکەن کەلە دژی گەریلاکان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەکار دەهێندرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×