پەرلەمانتارێکی پێشوی گۆڕان: قسەکانی فازڵ میرانی ئێجگار ناڕاست و نالۆژیکییە
  2021-10-19       1810       
بێستون فایەق، پەرلەمانتاری پێشوی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان وەڵامی وتەکانی فازڵ میرانی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، قسەکەی پارتی بۆ حزبە بێ کورسیەکانی پەرلەمانی تازەی عێراق گوایە کورسیان ھەبێ یان نا پێگەیان پارێزراوە، "قسەیەکی ئێجگار ناڕاست و نالۆژیکییە".

ئاوێنە: رۆژی دوشەممە شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ هەریەکە لە یەکێتی، گۆڕان، سۆسیالیست و هەروەها مەلا بەختیار کۆبوەوە و لە لێدوانێکیشدا فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی و سەرۆکی شاندەکە رایگەیاند، "بزوتنەوەی گۆڕان کورسیشی نەبێت هەر بزوتنەوەی گۆڕانە".

بێستون فایەق لەوەڵامی ئەو وتانەدا رایگەیاندوە، "کورسی پەرلەمانی واتا دەنگ و متمانە و نوێنەرایەتی خەڵک، حەجم و ژمارەی دەنگ و متمانەی خەڵکیش واتا سەنگ و پێگە بۆ حزب یان گروپی سیاسی، قسەکەی پارتی بۆ حزبە بێ کورسییەکانی پەرلەمانی تازەی عێراق گوایە کورسیان ھەبێ یان نا پێگەیان پارێزراوە ،قسەیەکی ئێجگار ناڕاست و نالۆژیکییە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "حزبێک کە کورسیەکی پەرلەمان بەدەست نەھێنێت و خەڵک نوێنەرایەتی پێ رەوا نەبینێت، پێگەو قورسایەکەی لە کوێیە؟، رەنگە تەنھا لای پارتی خاوەن پێگە بن".

لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق کە 10ی ئەم مانگە بەڕێوەچو، بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، دواتریش ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەکە دەستیان لەکارکێشایەوە، دوێنێش شاندێک کە لە ئاستی بەرپرسی ژورەکاندا بون پێشوازیان لە شاندەکەی پارتی کرد، بەڵام دوای کۆبونەوەکە هیچ زانیاریەکیان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە نەخستەڕو.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×