بافڵ تاڵەبانی: پەرۆشی ئەوەین وەك كورد بە یەك تیم بچینە بەغدا
  2021-10-21       414       

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، پەرۆشی ئەوەین وەك كورد بە یەك تیم بچینە بەغداو بۆ ئەوەش دەستپێشخەری یەكڕیزی و كۆكردنەوەی هێزە سیاسییە كوردستانییەكان دەكەین. دەشڵێت"دەمانەوێت جیاوازی و تێڕوانینەکان، لەودیو حەمرینەوە بكەینە خزمەت ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەو قسانەی بافڵ تاڵەبانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی پێشوازیكردنیدا هاتون لە ئۆلیڤیێ دیکوتینێ، کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان.

بەپێی راگەیەندراوەكە لەبارەی پێشھاتە سیاسییەکان، ھەلومەرجی دوای ھەڵبژاردن، قۆناغی نوێی ئەرک و بەرپرسیارێتی خەباتی سیاسی، بافڵ تاڵەبانی، ئاماژەی بەخواستی یەکێتی کرد بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای شەراکەتی نیشتمانی و تەوافق، کە رەنگدانەوەی خواستی ھەمو لایەک بێت و رایگەیاند"یەکێتی پەرۆشی ئەوەیە حکومەتی داھاتوی عێراق لەئاست خواست و پێویستی و داوای ھەمو نەتەوەو پێکھاتەکان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری، ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر نەک لێکترازان و وڵات بەرەو نائارامی زیاتر ببات."

هاوسەرۆكی یەكێتی  وتوشیەتی"پەرۆشی ئەوەین کورد بەیەک تیم وەک بەرەیەکی نیشتمانیی کوردستانی بچینە بەغداو بۆ ئەوەش دەستپێشخەری یەکڕیزی و کۆکردنەوەی ھێزە سیاسییە کوردستانییەکان دەکەین و دەمانەوێت جیاوازی و تێڕوانینەکان، لەودیو حەمرینەوە بکەینە خزمەت ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان."

ھەر لەدیدارەکەدا تەئکید لە ھاریکاری زیاترو پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان ھەردولا کرایەوە بەشێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکان بکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×