ئەنجومەنی ئاسایش: رێز لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگرن‌و حکومەتێکی گشتگیر لەعێراق پێکبهێنن
  2021-10-22       371       
ئەنجومەنی ئاسایشی سه‌ر به‌نەتەوەیەکگرتوەکان داوا لەهەمو لایەنەکانی عێراق دەکات ئارامیی پیشان بدەن‌و رێز لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگرن. به‌پێویستیشی‌ ده‌زانێت كه‌ حکومەتێکی گشتگیر لەعێراق پێکبهێنرێت.

ئاوێنه‌: په‌یوه‌ست به‌هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی‌ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو له‌له‌به‌شێكیدا داوا لەهەمو لایەنەکانی عێراق دەکات ئارامیی پیشان بدەن‌و رێز لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگرن، هەروەها هەمو ناڕه‌زاییه‌کیش به‌رامبه‌ر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێویست دەکات بەشێوەیەکی ئاشتیانەو بەیاسا یەکلایی بکرێتەوە، تا حکومەتی داهاتو رەنگدانەوەی خواستی خەڵکی عێراق بێت بۆ دیموکراسییەکی بەهێزتر، بەجۆرێک حکومەتی داهاتو ئەرکی خۆی تەرخان بکات بۆ چاکسازیی‌و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی‌و ئاوەدانکردنەوە.

ئەنجومەنی ئاسایش ده‌ڵێت، "هەر کە ئەنجامەکان یەکلاکرانەوە، هیوا دەخوازین بەشێوەیەکی ئاشتیانە حکومەتێکی گشتگیر پێکبهێندرێت کە رەنگدانەوەی خواستی خەڵکی عێراق بێت بۆ دیموکراسییەکی بەهێزتر".

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان لەراگەیەنراوەکەیدا باسی لەوەشکردوە، دەستخۆشی لەکۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق‌و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق (یونامی)و حکومەتی فیدڕاڵی دەکەن کە رۆڵی بەرچاویان هەبوە لەسەرخستنی هەڵبژاردنەکەی 10ی تشرینی یەکەم، بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکەش پیرۆزبایی لەگەلی عێراق دەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×