بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی رونكردنەوە لەبارەی پسوڵەیەكی خۆی
دەدات و دەڵێت: "چەواشەكارانە" لێكدانەوە بۆ ناوەڕۆكی پسوڵەكە كراوە كە
"بۆ دڵنیابونەوەیە لە راستی و دروستی کەمکردنەوەی نرخ لە لایەن ئەو فرۆشیارەوە."
ئاوێنە: پێشر پسوڵەیەك بڵاوكراوەیەوە كە بەپێی ئەوە خاوەنی مینی مارکێتێک لەشەقامی
گشتی عەواڵ لە سلێمانی، دوای ئەوەی داشکاندنی بۆ کەلوپەل و پێداویستیەکانی مارکێتەکەی
کردوە، ئاگادارکردنەوەیەکی لەلایەن بەرێوەبەریەتی چاودێری بازرگانی بۆ ھاتۆتەوە بەپاساوی
ئەوەی بەبێ ئاگاداری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە داشكاندنی كردوە.
لەبارەی ئەو پسوڵەیەوە، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی، لە
رونكردنەوەیەكدا وتویەتی"چەواشەکارانە لێكدانەوە بۆ ناوەڕۆکی نوسراوەکەمان
کراوە، لەکاتێکدا نوسراوەکە بۆ دڵنیابونەوەیە لە راستی و دروستی کەمکردنەوەی نرخ لە
لایەن ئەو فرۆشیارەی کە داوای لە ئێمە کردوە."
وتوشیەتی"چونکە ھەندێک جار فرۆشیاران وەک فێڵێک دابەزاندنی نرخەکان بەکاردەھێنن
بۆ سەرنجڕاکێشانی ھاوڵاتیان، لێرەوە بۆ بەرچاو رونی رای گشتی رایدەگەیەنین بەڕێوەبەرایەتییەکەمان
لەپاڵ چاودێریکردنی نرخەکان بۆ رێگریکردن لە بەرزبونەوە ھاوکات لەگەڵ ھەمو جۆرە
دابەزاندنێکی نرخداین و دەستخۆشی لەھەر خاوەن کارو فرۆشیارێک دەکەین کە نرخی کاڵاو
شومەک لە بەرژەوەندی گشتی کەم بکاتەوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"بەھەمو لایەکشی رادەگەیەنین کارو بەدواداچونی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان
لە چوارچێوەی رێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمدایە کە ھاوپێچی ئەم
رونکردنەوەیە کراوە."
بەپێی ئەو رێنماییانەی كە لەگەڵ رونكردنەوەكەدا بڵاوكراونەتەوە، "نابێت
داشكاندن بەبێ رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی، بكرێت."