2021-11-27   1860     
یەکەمین تەرم کە لە دواین کارەساتی نقومبوونی بەلەمی کۆچبەران لە کەنداوی ئینگلیزی لەنێوان فەڕەنسا و بەریتانیا ناسرایەوە، تەرمی مەریەم نوری حەمەئەمینی 24 ساڵە کە خەڵکی هەرێمی کوردستانە، ئەو کۆچی کرد تاوەکو بگاتە لای دەستگیرانەکەى.. بەڵام دواین نامە گۆڕینەوەیان لەناو ئاودا بوو!
ئاوێنه: ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، 24ی تشرینی دووەمی 2021، بەلەمێکی کۆچبەران کە 29 کۆچبەری تێدا بوو، لەکاتی تێپەڕبوون بە کەنداوی ئینگلیزی و لە نزیک کەنارئاوەکانی فەڕەنسا نقوم بوو، بەهۆیەوە 27 کۆچبەر گیانی لەدەستدا کە حەوت ژن و سێ منداڵیان تێدا بوو، یەکێک لە ژنەکان دوو گیان بوو، هەروەها زۆربەی کۆچبەران خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.
دوو لە ڕزگاربووەکان، یەکێکیان خەڵکی عێراقە و ئەوی تریان خەڵکی سۆماڵە، دوای دەرچوونیان لە نەخۆشخانە، خرانەژێر لێکۆڵینەوەی پۆلیسی فەڕەنسا بۆ زانینی وردەکاریی ڕووداوەکە.
مەریەم کە نازناوەکەی "بارانە" ڕۆژی 22ی کانونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ کارزان ئەسعەد کە خەڵکی هەولێرە هاوسەرگیری کردووە و دوای ماوەیەک گەڕاوەتە بەریتانیا و چاوەڕێی کردووە تاوەکو ئەویش بگات.
کارزان ئەسعەد کە ئێستا لە بەریتانیایە بە ماڵپەڕی بی بی سی وتووە، لەکاتی نقومبوونی بەلەمەکەدا باران نامەی بۆ ناردووە و هەوڵی داوە ئەسعەد دڵنیا بکاتەوە کە ئەوان ڕزگاریان دەبێت، "بەڵام یارمەتی زۆر درەنگ گەیشت!".
کارزان دەڵێت، باران لەگەڵ کچە خزمێکی تریان لەناو بەلەمەکە بوون، ئەو دەڵێت ئاگاداری دەرچوونی بەلەمەکە نەبووە، وادیارە باران ویستوویەتی بە سوپرایزەوە خۆی بگەیەنێتە لای دەستگیرانەکەى، بەڵام لەکاتی نقومبوونی بەلەمەکەدا ناچار بووە نامەی بۆ بنێرێت.
پێش ئەوەی بەلەمەکە بە تەواوی نقوم بێت، باران و ئەسعەد لەڕێگەی سناپچاتەوە گفتوگۆیان کردووە، باران پێی وتووە کە "وا خەریکە بەلەمەکە نقوم دەبێت و هەر خەریکن ئاوەکەی ناوی خاڵی دەکەن."
ئەسعەد دەشڵێت، لە کۆتا نامەیدا باران دەیەوێت هیوای پێ بدات کە بەرپرسان دەکەن و ڕزگاریان دەکەن.
خاڵی باران بە بی بی سی وتووە کە ئەوان لەڕێگەی دوو کەسی ترەوە زانیویانە کە باران لەو ڕووداوەدا گیانی لەدەستداوە، ئێستا چاوەڕێ دەکەن تەرمەکەی بگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
ئیمان حەسەن کە هاوڕێی باران دەڵێت، "ئەو کچێکی زۆر لەسەرخۆ بوو، دڵێکی گەورەی هەبوو، کاتێک کوردستانی بەجێهێشت زۆر دڵخۆش بوون چونکە خەریک بوو دەچێتە لای هاوسەرەکەی."
دەشڵێت، "لەکاتی ئاهەنگی مارەبڕینەکەیدا، لە تەنیشت ماڵی ئێمە خانوویەک دەکڕن و پێکەوە دەژین."