وەزیری پێشمەرگە: كازمی دڵنیای كردینەوە لەبارەی ئەركبینی لیوا هاوبەشەكان
  2021-12-08       593       

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، رایگەیاند، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ میحوەری (گوێر-مەخمور) دڵنیای كردینەوە لەبارەی ئەركبینی هەردو لیوای هاوبەشی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەو فەرماندە باڵاكانی راسپارد هەنگاوەكانیان لەوبارەیەوە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە خێرابكەن.

ئاوێنە: شۆڕش ئیسماعل، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق و وەزیری ناوخۆی هەرێم، یاوەری بەڕێز مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بوین، لەسەردانیان بۆ میحوەری (گوێر ـ مەخمور)و گوندی لهێبان."

ئەوەشی وتوە"لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە و ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە وسوپای عێراقی، سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە، لە پتەوکردنی زیاتری ئاستی هەماهەنگییەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەیەدا، دوپاتیشی کردەوە کە، بەڕێزیان هاوکارێکی باشی نزیکبونەوەی زیاتری هێزەکان دەبێت و ئامانجیانە، رەگی تیرۆرو تیرۆریستانی داعش بەتەواوی دەربهێنرێت."

وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشداوە، "لەمیانی بەسەرکردنەوەی گوندی (لهێبان)و بەسەرکردنەوەی دانیشتوانی گوندەکەو هێزەکانی پێشمەرگه و سوپای عیراق، سەرۆک وەزیران، رایگەیاند: خوێنی عیراقییەکان بەکوردو عەرەب و تورکمان و تەواوی پێکهاتەکانی هەرزان نییەو لەگەڵ هێزە ئازاکانمان لەسوپای عێراقی و پێشمەرگە و هێزەکانی تر، تیرۆریستان تێکدەشکێنینەوە."

بەپێی قسەی شۆڕش ئیسماعیل، بەر لە ماڵئاواییکردنی کازمی، "دڵنیایکردینەوە لەسەر ئەرکبینی هەردو لیوای هاوبەشی نێوان سوپاو پێشمەرگەو لەوێشەوە سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق و فەرماندە سەربازییە باڵاکانی راسپارد، هەنگاوەکانیان لەوبارەوە لەگەڵ هێزی پێشمەرگه خێرابکەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×