دو گەنجی شنگالی بە یاسای تیرۆر دەدرێنە دادگا؛ "تەنیا بەشداری خۆپیشاندانیان كردوە"
  2021-12-26       1213       
شنگال/ 12ی كانونی یەكەمی 2021/ بارگرژیی لە نێوان خۆپیشاندەران و سوپای عیراق.

ئا: ئاوێنە، كەركوك ناو

بە فەرمانی دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا، كوڕو كچێكی گەنجی ئێزیدی لە شنگال بە یاسای تیرۆر، دەستگیردەكرێن، لەكاتێكدا بەوتەی زیاد لە سەرچاوەیەك تەنیا هۆكارەكەی بەشداریكردنیانە "لە خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی توركیاو بڵاوكردنەوەی كتێبێك".

فەرمانەكەی دادگای لێكۆڵینەوە لە 15ـی كانونی یەكەمی 2021 ئاراستەی لایەنی پەوەندیدارەكان كراوە بۆ دەستگیركردنی ئەو كوڕو كچە گەنجە لە قەزای شنگال بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، بێ ئەوەی وردەكاری زیاتر لەبارەی تۆمەتەكانیانەوە ئاشكرابكات.

ئازاد حسێن، جێگری هاوسەرۆكی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "دوای خۆپیشاندانەكەی سنونێ بەداخەوە دادگا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئەو دو گەنجە دەركردوە لەكاتێكدا تەنیا تاوانیان ئەوەیە بەشداری گردبونەوەكەیان كردوە".

ئەو خۆپیشاندانەی ناحیەی سنونێی قەزای شنگال لە 12ـی كانونی یەكەم بو، دژی بۆردومانی توركیا بۆ سنورەكە، كە دواتر بارگرژی تێكەوت و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتی و سەربازی عیراقی برینداربون.

بە وتەی ئازاد حسێن "ئەو دو گەنجە دەستگیركراون، بەڵام نازانین ئێستا لە كوێن، لە هەوڵداین كێشەكە چارەسەر بكەین و بەزوترین كات ئازادبكرێن، چونكە جگە لەو گردبونەوە هیچ تاوانێكی دیكەیان نییە."

خۆپیشاندانەكە دوای ئەوە هات كە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە شنگال، دەوامی فەرمانگەكانی حكومەت و رێكخراوە ناحكومییەكانی لە قەزاكەدا راگرت، بەهۆی بەردەوامی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا و "بێدەنگی سوپا و حكومەتی عیراق لە بەردەوامی ئەو بۆردومانانە"، ئەوەش ناڕەزایی حكومەتی عیراقی لێكەوتەوە.

خودێدا چوکی، بەرێوەبەری ناحیەی سنونێ بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئەو دو گەنجە یەکێکیان کچێكی خەڵکی گوندی دوگرێ-ـیە و ئەویتریش كوڕێكی خەڵكی خانەسۆرە لە شنگال، بەڵام نازانین كێ سكاڵای كردوە، تەنیا ئەوەی هەیە دەزگا ئەمنییەكان وێنەو زانیارییان لەسەر ئەو دو گەنجە بە لایەنی پەیوەندیدار داوە".

بەشێك لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەكەی سنونێ بە لایەنگرانی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) و ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال ناودەبرێن، كە بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هەژمار دەكرێن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو دو گەنجەی شنگال لە 22ـی كانونی یەكەم لە ناوەندی ناحیەی سنونێ كتێبێكی عەبدوڵا ئۆجەلان (رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە)ـیان بڵاوكردۆتەوە، لەوكاتەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون و تائێستا ئازادنەكراون".

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد بارگرژی و ئاڵۆزییەكانی خۆپیشاندانەكەی 12ـی ئەم مانگەی سنونێ، لەدوای مەراسیمی بەخاكسپاردنی قوربانییەكی بۆردومانی توركیا سەریهەڵداوەو بەوهۆیەوە دەزگا ئەمنییەكان ناوی 70 كەسیان وەك تۆمەتبار رادەستی دادگا كردوە، لەو چوارچێوەیەشدا هەمویان فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچوە و هێزە ئەمنییەكان لە هەوڵی دەستگیركردنیاندان.

لە 7ـی كانونی یەكەمی ئەمساڵ، توركیا لە بۆردومانەكانیدا ئۆتۆمبێلی مەروان بەدەل حەجی، لێپرسراوی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)ـی كردە ئامانج، بەهۆیەوە ئەو لێپرسراوە كوژرا و دو منداڵیش برینداربون، دوایین بۆردومانیش 11ـی ئەم مانگە بو بۆ بارەگای ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە خانەسۆری شنگال، كە پێشتر بارەگای بنكەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی لالش بو.

توركیا لە یەك ساڵی رابردودا چەندیجاری دیكە بۆردومانی ناوچە جیاوازەكانی شنگالی كردوە بە پاساوی كردنە ئامانجی بارەگاو لێپرسراوانی نزیك لە پەكەكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×