میدیاى یەکێتى بڵاویکردەوە، هۆشیار زێبارى بەهۆى دۆسیەکانى پێشووى ناتوانێت بۆ پۆستى سەرۆککۆمار خۆى کاندید بکات، پەرلەمانتارێکى پارتیش دەڵێت بارزانى ئەو پۆستە یەکلایی دەکاتەوە.
ئاوێنه: رۆژى چوارشەممە هۆشیار زێبارى ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى داواکارى فەرمى پیشکەشى پەرلەمان کرد بەمەبەستى خۆکاندیدکردنى بۆ پۆستى سەرۆککۆمار، لەگەڵ بەردەوامى ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى لەسەر ئەو پۆستە، ئەمڕۆش بەرهەم ساڵح وەک کاندیدى یەکێتى خۆى تۆمارکرد.
پێگەى فەرمى یەکێتى لەبابەتێکدا بەناونیشانى "هۆشیار زێباری بۆ ناتوانێت خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كاندید بكات ؟" ئاماژەى بەوەکردووە، "دوێنی چوارشه‌ممه له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه هۆشیار زێباری وه‌ك كاندیدی ئه‌و حزبه كاندیدكرا بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق، به‌ڵام به‌هۆی بوونی دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ری به‌پێی یاسا ناتوانێت ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت".
تا ئێستا دیار نییە ناکۆکییەکانى ئێستاى پارتى و یەکێتى لەسەر ئەو پۆستە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت و پێش وادەى یاسایی بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار لەسەر کاندیدى هاوبەش رێکدەکەون، یاخود وەک ساڵى 2018 بەکاندیدى جیاوازەوە دەچنە ئەو کێبڕکێیەوە.
سه‌باح سوبحی په‌رله‌مانتاری پارتی بە میدیاى حزبەکەى راگەیاند "پۆستی سه‌رۆك كۆمار، بارزانی یه‌كلای ده‌كاته‌وه، ئه‌و تاكه كه‌سه نه‌ك ته‌نیا پۆستی سه‌رۆك كۆمار، سه‌رجه‌م كێشه‌كانی تریش چاره‌سه‌ر ده‌كات".
وتیشى "جگه له پۆسته‌كانی كورد و پارتی، پۆسته‌كانی تریش به‌پێی سازان و هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی یه‌كلا ده‌كرێنه‌وه".
دەشڵێت "پارتی زۆرترین كورسیی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست ھێناوه له‌ناو كورد و چاوپۆشی له زۆر شت كردووه، یه‌كێتیش لایه‌نێكی سیاسییه و خۆی ده‌زانێ چ ده‌كات، به‌ڵام پارتی به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی پێشێل نه‌كردووه"