لە هەولێر كۆمپانیایەك هەشت ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان بردوەو خاوەنەكەشی هەڵاتوە
  2022-01-14       424       

لە هەولێر کۆمپانیایەک بە ناوی دۆزینەوەی کار بە موچەی هەزار و 800 دۆلار هەشت ئۆتۆمبێلی چەند هاوڵاتییەك دەبات و تاوەکو ئێستا بۆی نەگەڕاندونەتەوە. یەكێك لەو هاوڵاتیانە دەڵێت، فێڵیان لێکراوە و خاوەنی کۆمپانیاکەش هەڵاتوە.

 ئاوێنە: دوێنێ پێنجشەممە، لە هەولێر کۆمپانیایەک بە ناوی "رێدڵ" هەشت ئۆتۆمبێلی لە هاوڵاتیان وەرگرتوە بە پاساوی ئەوەی گرێبەستیان بۆ بکات و دواتر بیانخاتە سەر کار، بەڵام یەكێك لەو هاوڵاتانە وتویەتی"هەشت ئۆتۆمبێلمان دزراوەو نرخیان 600 هەزار دۆلارە."

 بارزان محەمەدئەمین تەمەنی 40 ساڵە و خەڵکی هەولێرە، لەبارەی بردنی ئۆتۆمبێلەكانیان بە روداوی وت"ئێمە چەند کەسێک زانیمان کە کۆمپانیایەک دەیەوێت خەڵک دابمەزرێنێت بە موچەی 1800 دۆلار بەڵام بەمەرجێک کە ئۆتۆمبێلی جۆری لاندکروزەری مۆدێلی سەرو 2017ی هەبێت. رۆژانە لە کاتژێر 7:00 بۆ 5:00ی ئێوارە کاری بۆ بکەین. هەروەها کۆمپانیاکە پێیان وتین کە بەنزین و رۆنیش لەسەر ئەوان دەبێت و لە دوای کارکردنیش ئۆتۆمبێلەکان لای خۆمان دەبێت."

 ئەو هاوڵاتییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی "كاتێك زانیمان موچەکەی و مەرجەکان باشە چوین بۆ کۆمپانیا بۆ تۆمارکردنی ناوەکانمان، ئەوان وتیان دوای گرێبەستەکە هەر یەکێک لە ئێوە لەسەر کۆمپانیایەک دادەمەزرێت."

رۆژی 13-1-2022 خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەچنە کۆمپانیا بۆ ئەوەی گرێبەست بکەن. ئەو هاوڵاتیە وتویەتی"لە کۆمپانیا پێیانوتین کە دەبێت ئۆتۆمبێلەکان (جی پی ئێس)یان لەسەر ببەسترێت، ئۆتۆمبێلەکانیان لێوەرگرتین و بردیانن، بەڵام ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ نەگەڕاندینەوە."

 ئەو کۆمپانیایە بە وتەی ئەو خاوەن ئۆتۆمبێلانە مۆڵەتی فەرمیی کارکردنیان هەیە و خاوەن کۆمپانیاکەش ناوی "محەمەد ئیبراهیم ئەحمەد"ـە. هاوڵاتییەكی دیكەیان وتویەتی"هەمو ستافەکە کوردن و فێڵمان لێکراوە."

 ئەوانەی ئۆتۆمبێلەکانیان لێبراوە داوا لە پارێزگاری هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بەزوترین کات ئەو کەسانەیان بۆ بدۆزنەوەو ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ بگەڕێنرێتەوەو هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەكان بەهۆی پشوەوە تائێستا وەڵامی داواكەیانیان نەداوەتەوە.

خاوەنی ئەو هەشت ئۆتۆمبێلە سکاڵایان لە پۆلیسی نازناز لە گەڕەکی بەختیاریی هەولێر تۆمارکردوە و چاوەڕێ دەکەن کە ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×