هەسەدە: 300 داعش لە حەسەكە خۆیان رادەستی هێزەكانمان كرد
  2022-01-24       715       

هەسەدە رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە، نزیكەی 300 داعش كە بەشدارییان لە پشێوییەكانی گرتوخانەی غوێراندا كردبو، خۆیان رادەستی هێزەكانمان كرد. دەشڵێت: لەمیانی هەڵمەتی پشكنین و گەڕان لە گەڕەكی غوێران، هەشت چەكداری داعش كوژراون و شەڕڤانێكیش شەهیدبوە.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دوای بانگەوازییان بۆ داعشە هەڵاتوەكانی گرتوخانەی غوێران، هێزەكانیان سەعات 5ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە ئۆپەراسیۆنێكدا یەكێك لە بیناكانی گرتوخانەكەیان كۆنترۆڵكردوەو نزیكەی 300 داعش كە لەو بینایەدا بون، خۆیان رادەستی هێزەكانیان كردوە.

ئاوێنە لە تەلەگرام جۆین بكە

 ئاماژەی بەوەشداوە كە ئۆپەراسیۆنەكە بەپێی پلانێكی بڕیارلێدراو بەردەوامە.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا، هەسەدە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە هێزەكانیان بە هاوكاری لەگەڵ ئاسایشی ناوخۆ، بەردەوامن لە هەڵمەتی پكشنین و گەڕان لە گەڕەكی غوێران و هەڵمەتەكەش بەوپەڕی وریاییەوە ئەنجام دەدەن، لەبەرئەوەی شانەكانی داعش لەهەندێك شوێن خەڵكی مەدەنی وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاردەهێنن و لەمیانی شەڕو پێكدادانیشدا لەگەڵ ئەو شانانەی داعشدا، هەشت چەكداری مەترسیداری داعش كوژراون و هەروەها شەڕڤانێكیش شەهیدبوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×