هەسەدە: گرتوخانەی غوێران لە حەسەكە بەتەواوی كۆنترۆڵكرا
  2022-01-26       1034       

هەسەدە رایگەیاند، گرتوخانەی غوێران لە حەسەكە بەتەواوی كۆنترۆڵكراو سەرجەم داعشەكان خۆیان رادەستی شەڕڤانان كرد.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 26/1/2022، لە بەیاننامەیەكدا وتی، بە كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی گرتوخانەی غوێران لە حەسەكە، ئۆپەراسیۆنی "چەكوشی گەلان" لەلایەن هێزەكانمانەوە گەیشتە ترۆپكی خۆی و سەرجەم داعشەكانی نێو گرتوخانەكە خۆیان رادەست كرد.

ئاوێنە لە تەلەگرام جۆین بكە

26/1 هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی رزگاركردنی شاری كۆبانی لە دەستی داعش كە حەوت ساڵ لەمەوبەرو لە هەمان رۆژدا لەساڵی 2015، دوای 134 رۆژ لە بەرگری شەڕڤانان، توانرا كۆبانی لە دەستی هێرشی داعش رزگاربكرێت.

شەوی پێنجشەممەی رابردو(20/1/2022) شانە نوستوەکانی داعش هێرشیانکردە سەر زیندانی غوێرانی حەسەکە، کە نزیکەی پێنج هەزار داعشی تێدا زیندانیکراوە و بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراویان لە بەردەم یەکێک لە دەرگاکانی زیندانەکەدا تەقاندەوە و ڕوبەڕوی پاسەوانانی زیندانەکە بونەوە، بەوهۆیەوە ژمارەیەک لە داعشە زیندانییکراوەکان لە زیندانەکە چونە دەرەوە و شەڕ و پێکدادانی لێکەوتەوە.

لەماوەی شەش ڕۆژی ڕابردودا ڕوبەڕوبونەوە لەنێوان زیندانییە هەڵهاتوەکانی داعش و شەڕڤانانی هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەردەوامبو، شەڕڤانان ڕێگرییان کرد لە هەڵهاتنی داعشەكان كردو دەوروبەری گرتوخانەی غوێرانیان گەمارۆدا.

رۆژی 23ی 1ی 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند، کە لە ڕوبەڕوبونەوەکانی زیندانی ‌غوێراندا 175 داعش کوژراون و 27 شەڕڤانیش شەهیدبون.

هەمان رۆژ فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند، کە ئەو هێرشە “گەورەتربوە لە کردەوەیەکی شانە نوستوەکان و پیلانێکی دەزگا هەواڵگرییەكانی ناوچەكە بوە."

رۆژی 25ی 1ی 2022یش ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، “دەوڵەتی تورک ڕاستەوخۆ بەشداربوە لە پیلانی هێرشکردنە سەر زیندانی غوێران لە حەسەکە”، ئەوەشی دوپاتکردوەتەوە، کە داعش هەتا ئێستاش مەترسیی جددییە لەسەر جیهان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×