بایدن کوژرانی جێگرەوەکەی ئەبوبەکر بەغدادی راگەیاند
  2022-02-03       621       

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی  سەربازی هێزەكانی وڵاتەكەیدا لە باکوری رۆژئاوای سوریا توانیویانە ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی، سەرکردەی داعش و جێگرەوەی ئەبوبەکر بەغدادی بکوژن.

 ئاوێنە: جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، "شەوی رابردو بە فەرمانی من، هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە باکوری رۆژئاوای بەشێوەیەکی سەرکەوتو ئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆریان ئەنجامدا بۆ پاراستنی گەلی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانمان، بۆ سەلامەتیی جیهان. بەهۆی هێزە چەکدارە ئازا و بەئەزمونەکانمانەوە، ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی، خەلیفەی داعشمان کوشت."

 سەرۆکی ئەمریکا وتوشیەتی، سەرجەم ئەمریکییەکان لەو ئۆپەراسیۆنە بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە.

جۆ بایدن جگە لە کوژرانی خەلیفەکەی داعش لە بەیاننامەكەیدا  باسی لە کوژرانی هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەکردوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستوە ناوی ئاشکرا بکرێت بە میدیاکانی راگەیاندوە، لەئاكامی هێرشەكەدا بۆ سەر شوێنی خەلیفەکەی داعش، ناوبراو خۆی تەقاندوەتەوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك خەڵکی مەدەنی کوژراون.

 ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە زاری دانیشتوانی ناوچەکەوە بڵاویکردوەتەوە، "12 کەسی مەدەنی لەو ئۆپەراسیۆنەدا كە دو سەعاتی خایاندوە، کوژراون."

 

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×