وەزیرێکی پێشو هاوڵاتیەک دەکوژێت
  2022-03-18       1913       
حەجی کامیران پیرەفاتی - کەسی ناوەڕاست

وەزیرێکی پێشوی کورد لەحکومەتی ناوەندی عێراق، خەزوری یەکێک لەسزادراوانی بادینان لەسەر کێشەی موڵکداری دەکوژێت، نزیکەکانی ئەو وەزیرەش دەڵێن "پاسەوانەکانی کوشتویانە".

 

ئاوێنە: بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی (ڕۆژ نیوز)، ئەیهان سەعیدی رۆژنامەنوس‌و برای سڤان سەعید سزادراوی بادینان ڕایگەیاندوە "ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر چوار دیندار نەجمان دۆسکی وەزیری پێشوتری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کەسایەتیەکی عەشیرەتی دۆسکی بەناوی حەجی کامیران پیرەفاتی لە ناو باغەکەیدا کوشتووە.

 

ئەیهان ڕایگەیاندووە ئەو وەزیرەی پەدەکە “چووەتە سەر ماڵی حەجی کامیران پیرەفاتی کەسایەتی عەشیرەتی دۆسکی و ھاوکات خزمان و خەزوری زیندانیەکی بادینانە لە باغەکەی لەگوندی پیرەفاتێ لە دھۆک، دوای نیوکاتژمێر بە فیشەکێک کە لە ملی داوە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی و تەرمەکەی بەجێھێشتووە”.

 

ئەیهان وتوشیەتی “ئێستا نزیکەکانی دیندار دەڵێن پاسەوانەکانی ئەو کارەیان کردووە، بەڵام بەپێی قسەی نزیکەکانی کوژراوەکە و شایەتحالەکان پاسەوانی لەگەڵ نەبووە و دیندار خۆی کارەکەی ئەنجامداوە”.

 

بە گوێرەی زانیاریەکان پێشتر حەجی کامیران و دیندار نەجمان دۆسکی، لەسەر زەویەک لە گوندی پیرەفاتێ فێلە  کێشەیان هەبووە و وەزیرەکەی پێشووی پەدەکە و باغی تێدا دروست کردووە و “داگیری کردووە و بەپێ یاسا و تاپۆ زەوی حەجی کامیران بووە”.

 

دیندار نجمان دۆسکی پێشتر ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بوەو ،لەسەر پشکی یەکگرتو بوە بەوەزیرو دواتر چوەتە ناو پارتییەوە، حەجی کامیران پیرەفاتی کەسایەتیەکی بادینان بووە و خەزوری مەلا شڤان بەرۆشکی یە کە یەکێکە لە سزادراوانی بادینان.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×