عێراق بۆ دابینكردنی موچە، پارەی لە سپاردەكانی باج راكێشاوە
  2025-05-01       159       

بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بۆ دابینكردنی موچە، زیاتر لە سێ ترلیۆن و 45 ملیار دینار لە سپاردەكانی باج راكێشراوە.

ئاوێنە: بەگوێرەی بڕیارەكە، لەسەر بنەمای پێشنیاری وەزیری دارایی عێراق و بەپشت بەستن بە نوسراوێكی ئەو وەزارەتە، ئەنجومەنی وەزیران لەكۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا لە 15ی نیسانی ئەمساڵ، بڕیاریداوە بە پێدانی دەسەڵات بە وەزیری دارایی بۆ راكێشانی زیاتر لە 3 ترلیۆن و 45 ملیار دینار لەو سپاردانەی باج كە پێنج ساڵیان بەسەردا تێنەپەڕیوە.

لە بڕیارەكەدا هاتوە، راكێشانی ئەو پارانە بۆ تەمویل و پێدانی موچەی مانگی نیسان و مانگەكانی دواترە.

نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوریی عێراقی لەوبارەیەوە هۆشداری داوەو وتوشیەتی، ئەوە لەكاتێكدایە كە تێكڕای نرخی نەوت لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا نزیكەی 72 دۆلار بوە، عێراق پەنای بۆ فرۆشتنی قەواڵە داراییەكان بە بڕی زیاتر لە 7 ترلیۆن دینار و هەروەها بەكارهێنانی زیاتر لە 3 ترلیۆن دینار لە سپاردەكانی باج بردوە بۆ پێدانی موچە.

بەڵام بەقسەی ئەو شارەزایە، پێدەچێت دۆخی دارایی عێراق بەرەو خراپتر بڕوات لەگەڵ دابەزینی زیاتری نرخی نەوت كە چاوەڕوان دەكرێت لە هەفتەی داهاتوەوە نرخی نەوت بەرەو خوار 60 دۆلار دابەزێت.

لەئێستادا نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە 60 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×