ئا: ئاوێنە
رۆژنامەیەكی بەریتانی ئاشكرایكرد، كوردێكی خەڵكی سلێمانی كە لە دۆسیەكەیدا بۆ داوای مافی پەنابەرێتی بانگەشەی ئەوەی كردوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەكێتییەوە دەستگیركراوەو ئەشكەنجەدراوە، مافی مانەوەی لە بەریتانیا پێ درا.
رۆژنامەكە، لە راپۆرتێكدا، ناوی ئەو كەسەی ئاشكرا نەكردوە بەڵام بە "نەیارێکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان" ناوی بردوەو وتویەتی، لە كەیسەكەیدا "بانگەشەی ئەوەی كردوە لەلایەن دەسەڵاتداران دەستبەسەرو ئەشکەنجە دراوە" و لەسەر ئەوە " مافی پەنابەرێتی لەبەریتانیا پێدراوە."
رۆژنامەكە وتوشیەتی، دادوەرێک بڕیاریدا ئەو پیاوە کوردە، ئەگەر ناچار بکرێت بگەڕێتەوە عێراق، ئەوا لەسەر بۆچونە سیاسییەکانی روبەڕوی سەركوتكردن دەبێتەوە، تەنانەت دەکرێت بشکوژرێت.
ئەوەش خراوەتەڕو، بەدادگای کۆچبەران وتراوە، ئەو پیاوە كە خەڵکی سلێمانییە لە ساڵی 2020 دەستگیرکراوە و بۆ ماوەی چوار رۆژ ڕاگیراوەو ئەشكەنجە دراوە، ئەوەش بەهۆی ناڕەزاییەتیەکان لە دژی یەکێتی.
رۆژنامە بەریتانییەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ناوچەی سلێمانی لەو ساڵەدا شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و كەمی موچەوە بەخۆوە بینی. خۆپیشاندەران بارەگاكانی یەکێتیی و حکومەتیان کردە ئامانج و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە یەكێتیی ناڕەزایەتییەكانیان سەركوت كرد.
وەك رۆژنامەكە هێمای بۆ كردوە، ئەو كەسە، دوای ئازادکردنی، لە هۆڵێکی بیلیارد کە لەلایەن خێزانەکەیەوە بەڕێوەدەبرێت، چەند كۆبونەوەیەكی لە دژی یەکێتی ئەنجامداون و داوای لە خەڵک کردوە لە هەڵبژاردنی داهاتودا دەنگ بەو حزبە نەدەن، بەڵام تەقە لە شوێنەکە کراوەو بە تەلەفۆنیش هەڕەشەی لێكراوە.
بەپێی راپۆرتەكە ئەو كەسە لە ئەیلولی 2021دا عێراقی بەرەو لەندەن بەجێهێشتوە، بەڵام بەردەوام بوە لەسەر بڵاوکردنەوەی بابەتەكانی لە سۆشیال میدیاو بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی رەخنەگرتن لە دەسەڵاتدارانی کوردستانی عێراق.
زە ناشناڵ ئەوەشی خستۆتەڕو، داواکاریی سەرەتایی ئەم كەسە بۆ مافی پەنابەریی لەلایەن دادوەرەوە بە پاساوی ئەوەی مەترسی لەسەر دروست نابێت، رەتكراوەتەوە، چونکە وەک رەخنەگرێکی ناسراوی یەکێتیی سەیر نەکراوە. بەڵام بە پاساوی ئەوەی کە دادوەر بەهەڵە لێکدانەوەی بۆ رێنماییەکانی حکومەتی بەریتانیا کردوە لەبارەی دۆخی سیاسی کوردستانی عێراق، تانەی لە بڕیارەكە داوە.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردوە كە بەگوێرەی رێنماییەكانی حكومەتی بەریتانیا، ئەو کەسانەی "مەترسی گرتن، دەستبەسەرکردن، دەستدرێژیی، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی هێزو کوشتنیان لەسەرە لە دەرەوەی بازنەی دادوەریی لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی كوردستانەوە"، ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە پێشینەی رێكخستن یان بەشداریكردنیان هەیە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكاندا.
دادوەر تۆماس کۆل بڕیاریداوە کە هاوکارەکەی "لە جێبەجێكردنی رێنماییەكاندا هەڵەیەكی جەوهەریی یاسایی كردوە" و "بەتەواوەتی ئەو مەترسیانەی هەڵنەسەنگاندون" كە روبەڕوی ئەو پیاوە دەبنەوە لە ئەگەری گەڕاندنەوەیدا بۆ عێراق.
ئەو دادوەرە وتوشیەتی، راستییەكانی دۆسیەكەو ئەزمونی پیاوەكە "دەیخەنە نێو چوارچێوەی ئەو مەترسییانە"ی كە روبەڕوی نەیارەكانی دەسەڵاتدارانی كورد دەبنەوە.