شرۆڤەكارانی سیاسی: بڕیاری داداگا بۆ بێتاوان كردنی حەلبوسی ڕەهەندێكی سیاسی هەیە
  2025-05-01       165       

دوای ئەوەی دادگا بڕیاری بێتاوانی محەمەد حەلبووسیدا، مشتومڕێكی گەورە لە شەقامی سیاسی عێراق درووست بووە، شرۆڤەكارانی سیاسیش دەڵێن، بێتاوانی حەلبوسی ڕەهەندێكی سیاسی هەیە، پێویستە متمانەی هاوڵاتیان بە دادگا بەهێزتر بكرێت، ڕەنگە نزیكبوونەوەی هەڵبژاردن كاریگەری لە سەر بڕیارەكانی دادگا هەبووبێت.

ئاوێنە: حەیدەر عەرب، شرۆڤەكاری سیاسی ڕایگەیاند، پێویستە متمانەی هاوڵاتیان بە دەسەڵاتی دادوەری عێراق پتەوتر بكرێت، چونكە لێپرسینەوەی بەردەوام ڕەنگە وێنەكەی دادگا لەكەدار بكات، بەتایبەتی ئەگەر هەندێك بڕیار، كە لەگەڵ هەندێك لایەندا نەگونجێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بێتاوانی حەلبووسی ڕەهەندێكی سیاسی هەیە، چونكە یاسای عێراق خاوەنی ڕادەیەك لە نەرم و نیانییە، یان ئەوەی دەتوانرێت بە لاستیكی وەسف بكرێت، ڕێگە بە دادگا دەدات بە پشتبەستن بە ڕاستییەكان و ڕۆحی یاسا مامەڵە لەگەڵ دۆسێیەكاندا بكات.

دەشڵێت، سەرەڕای پشتگیری تەواومان بۆ دەسەڵاتی دادوەری، پرسیاری گرنگ ئەوەیە، كە تا چەند ئەم بڕیارە هاوتەریبە لەگەڵ خواستە سیاسییە باوەكان، ئەمەش هەندێك ڕەخنەی لێدەكەوێتەوە.

لای خۆیەوە مەحمود هاشمی شرۆڤەكاری سیاسی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، هۆكاری یەكلاكەرەوە لەم دۆسێیەیەدا خودی دەسەڵاتی دادوەرییە، كە پێشتر پشتگیریمان لە بڕیارەكانی كرد كاتێك بڕیاری دژی حەلبووسی دەركرد، ئێستا ناتوانرێت بخرێتە ژێر پرسیارەوە لە بڕیارە نوێیەكانی.

باسی لەوەشكرد، نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان ڕەنگە ڕۆڵی هەبێت لە كاریگەری لەسەر بڕیارەكان، بەڵام مەحاڵە جەخت لەوە بكرێتەوە، كە ئەم هۆكارانە لەڕاستیدا كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكانی دەسەڵاتی دادوەری هەبووە.

جێگای ئاماژەیە، لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی حەلبووسی لە پەرلەمان دەركرد، ئەمەش بە پشتبەستن بە داوایەكی یاسایی، كە تۆمەتباركرا بە ساختەكاری، دوابەدوای ئەو بڕیارە، جێگرەكەی، كە نزیكە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، پۆستی سەرۆكایەتیی كاتی پەرلەمانی گرتە ئەستۆ.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×