قایمقامی سلێمانی: بۆ کرێکاران زیاتر لە هەزار شوێنمان ئاگادرکردوەتەوە و حەوت شوێنمان داخستوە
  2025-05-01       106       

ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ڕێگەی لیژنەکانیانەوە بۆ سەلامەتی کرێکاران و لەبەر نەبونی مەرجی سەلامەتی شوێنێکیان داوە بە دادگا و زیاتر لە هەزار و 100  شوێنی دیكەشیان ئاگادارکردوەتەوە کە مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن، ئەوە جگە لەوەی حەوت شوێنیشیان لەسەر پابەندنەبون داخستوە.

ئاوێنە: ئاوات محەمەد، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا کە ڕۆژی 1ی (ئایار/5)ی هەمو ساڵێک دیاریکراوە، قایمقامی سلێمانی پیرۆزبایی لە کرێکاران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران، تا ژیانێکی شایستەیان هەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، "لە سۆنگەی باوەڕبونمان بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەردەوام بوین لە پشتیوانیکردن لە خەباتی مەدەنی و پیشەیی کرێکاران و داکۆکیکردن لەمافە رەواکانییان، لەبەرئەوەی چینی كرێكاران لە كوردستاندا، چینێکی سەرەکی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و هەمیشە رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان هەبوە لە گەشە و ئاوەدانکردنەوە و بنیادنانی وڵاتەکەمان".

ئاوات محەمەد باسی لەوەشكرد، ساڵانێکە قائیمقامیەتی سلێمانی گرنگی بە ژیان و سەلامەتی کرێکار دەدات و کاری بۆ باشتربونی هەلومەرجی کرێکاران و ژینگەی کارکردنیان کردوە، خۆشبەختانە لیژنەی سەلامەت کرێکاران لە سەرەتای دەست بەکاربونیەوە لە ساڵی  2018ـەوە تاوەکو  ئەمڕۆ توانیویانە هەشت هەزار و 181   سەردانی بۆ کارگە، کۆمپانیا و شوێنەگشتییەکان ئەنجام بدەن.
هەزار و 104 شوێنیان ئاگادارکردوەتەوە

ئەوەشی خستەڕو، هەزار و 104 شوێنیان ئاگادارکردوەتەوە كه‌ پێویسته‌ له‌شوێنی كاركردنیاندا رەچاوی مه‌رج ورێنماییه‌كانی سه‌لامه‌تی كرێكار بکەن، یەك شوێنش بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی کرێکارەوە روبەڕوی دادگا کردوەتەوە و حەوت شوێنیشیان داخستوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئامانجی سەرەکی ئێمە ئەوەیە لە رێگەی ئەو لیژنەیەوە ئاستەنگ و مەترسییەکانی بەردەم کرێکاران کەمبکەینەوە، تاوەکو رێگری بکرێت لەو قوربانییە زۆرانەی دەستی کار، کە ساڵانە بەهۆی نەبونی مەرجەکانی سەلامەتییەوە رودەدەن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×