سەدر داوا لەوەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکات نوێنەری سوید بانگھێشت بکات
  2022-04-16       635       

موقتەدا سەدر، ڕێبه‌ری‌ رەوتی سەدر  داوا لەوەزارەتی دەرەوەی عێراق ده‌كات لەسەر تاوانی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لەسوید، نوێنەری ئەو وڵاتە بانگھێشت بکات.

ئاوێنه‌: موقتەدا سەدر لەھەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، "لەمانگی قورئانداو لەوڵاتێکی ئەوروپی کە ژمارەی موسڵمانان تیایدا زیادیکردووە، قورئانی پیرۆز دەسوتێندرێت، ئایا لەبەرچی؟ ئەمە ئیستفزازکردنەوەی ھەستی موسڵمانانە".

راشیگەیاندووە، "پێویستە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ ھەڵوەستەکردن لەسەر راستی ئەم روداوە تیرۆریستی‌ و دوبەرەکییە کە ئامانج لێی جیاکاریی نێوان ئایینەکانە کە بەپێچەوانەی ئەوەی بیرمەندەکان بانگەوازی بۆ دەکەن، بانگھێشتی نوێنەری سوید بکات".

سەدر داواشی لەحکومەتی سوید کردووە کە بەئامانجی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی، ھەڵوێستی لەبەرامبەر ئەم جۆرە دەستدرێژیانەدا ھەبێت.

رۆژی پێنجشەممە راسموس بالودان، سەرکردەی پارتی راستڕاوی توندڕەو  لەشاری لینشوپێنگی‌ باشوری سوید قورئانی پیرۆزی سوتاند کە ئەوەش لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەی ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×