فەرماندەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر كوردستان، "خلوسی ئاکار" كێیە؟
  2022-04-23       2196       
خلوسی ئاکار

ئا: ئاوێنە

 

خلوسی ئاكار، دوژمنی سەرسەختی كوردو متمانەپێكراوترین پیاوی ئەردۆغانە.

 

لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی زاپ‌و مەتیناو ئاڤاشین لەچوارچێوەی ئۆپراسیۆنی "چڕنوك – كڵۆم"دا بەردەوامە، كەسێك فەرماندەیی ئەم ئۆپراسیۆنە دەكات كە بەردەوام هەڕەشەی چاودەرهێنان لە"كورد" دەكا‌و لە"دوژمنایەتی كردنی كوردستان"دا قاڵ بوە، كە ئەویش خلوسی ئاكاری وەزیری بەرگری توركیایە.

ئاكار تەمەنی 70 ساڵە‌و ماوەی 50 ساڵە بەكاری سەربازیی‌و جەنگ‌و هەواڵگرییەوە سەرقاڵە، ئەو ساڵانێكی زۆری تەمەنی لەهەوڵی تێكشكاندنی ئیرادەی كورد بەگشتی‌و وردو خاش كردنی توانای بەرگری‌و خۆڕاگری لەباكورو رۆژئاوای كوردستاندا بەتایبەتی بەسەربردوە.

 

ئاكار، دوژمنی كوردو كوردستان

لەكۆتایی ساڵی رابردودا، ئاكار لەمیانەی کۆبونەوەی کۆمسیۆنی پلان‌و بودجەدا لەپەرلەمانی توركیا كە بەشداری كردبو، لەوەڵامی پەرلەمانتارێكی هەدەپەدا كە ناوی هەرێمی كوردستانی بەسەر زاردا هاتبو، وتی "جوگرافیایەک بەناوی کوردستان نە لەناو تورکیاو نە لەدەرەوەی تورکیا بونی نییە"!

ئاكار بەم جۆرە عەقڵییەتەوە كە لەئەفسەرییەوە پلە پلەی سەربازیی بڕیوە تا بووە بەژەنرال‌و وەزیری بەرگری توركیا، بەردەوام دژایەتی خۆی دەرهەق بەکوردو کوردستان ناشارێتەوە.

ئەو کە لەچەندین كۆلیژی سەربازی توركی‌و ئەمەریكی‌و بەریتانی خوێندویەتی‌و چەندین پۆستی گرنگی سەربازیشی لەهەشتاكانی سەدەی رابردوەوەو تا ئێستا پێسپێردراوەو لەچوارچێوەی هێزەكانی ناتۆشدا بەشداری جەنگەكانی بۆسنەو كۆزۆفۆی كردوەو چەند ساڵێكیش وەك ئەفسەری هەواڵگریی لەبنكەی سەربازی ناتۆ لەنابۆلی ئیتالیا كاری كردوە‌، چەندین خەڵات‌و مەدالیای سەربازیی پێبەخشراوە.

ئاكار ئەم ئەزمونە دورودرێژەی لەكاری سەربازی‌و جەنگدا، بەتایبەتی لەدوای ئەوەی لەساڵی 2015ەوە كرا بەسەرۆك ئەركانی سوپا‌و دواتریش بوە وەزیری بەرگری لەساڵی 2018دا، بۆ تێكشكاندنی كورد‌و گەریلاكانی پەكەكە خستوەتە گەڕو چی لەدەست هاتبێت لەو پێناوەدا درێغی نەکردوە.

خلوسی ئاکار لەزۆربەی بۆنەكاندا خواست‌و خۆزگەی خۆی بەئاشكرا دەردەبڕێ‌‌و دەڵێت "ئامانجی گەورەمان کۆتایی هێنانە بەپەکەکەو پەیەدە"، ئەو بەشداری لەچەندین شەڕی دژ بەكورد كردوە لەباكورو باشور‌و رۆژئاوای كوردستان.

ساڵی 2016 لەكاتێكدا کە بەشێك لەشارەكانی باكوری كوردستان یاخی بونیان لەدەوڵەتی تورك بەخۆیەوە بینی، ئاكار بەوپەڕی زەبروزەنگەوە روبەڕوی گەنجانی دیاربەكرو ماردین‌و شێرناخ بوەوەو بەشێك لەگەڕەكەكانی ئەو شارانەی وێران‌و خاپور كرد‌و كاری بۆ ئەوە كرد لەقۆناغی یەكەمدا گەریلاكانی پەكەكە بەتەواوی لەباكوری كوردستان دەرپەڕێنێ‌‌.

ئەو دواتر نەخشەیەكی توركیای له‌سه‌ر واڵه‌كه‌ی خۆی داناو نوسی "هەر کەسێک چاوی لەسەر خاکی ئێمە بێت چاوەكانی دەردەهێنین".

پاشان ئاكار فەرماندەیی چەندین ئۆپراسیۆنی یەك لەدوای یەکی دژ بەرۆژئاوای كوردستان لەئەستۆ گرت كە كورد لەسوریادا بەوپەڕی ئازایەتی‌و خۆڕاگرییەوە بەرەنگاری چەكدارانی داعش ببونەوە، ئاكار لەئۆپراسیۆنی "چڵە زەیتون"دا پەلاماری شاری عەفرینی داو داگیری كرد، پاشان  فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی "قەڵغانی فورات"‌و "كانی ئاشتی"ی كردو پشتێنەیەكی ئەمنی بەقوڵایی 30 كیلۆمەتر لەرۆژئاوای كوردستان‌و باكوری سوریادا دامەزراند.

ئاكار کە سەرپەرشتی دروستكردنی دیوارێكی كۆكرێتی بەرز دەكات بەدرێژایی سنوری توركیا‌و ئێران بەمەبەستی جیاكردنەوەی كوردستانی باكور لەگوردستانی رۆژهەڵات، بەردەوام سەردانی سنورەكانی توركیا لەگەڵ ئێران‌و عێراق‌و سوریا دەكات‌و هەڕەشە لەکوردی ئەودیو سنورەکانی تورکیاش دەكات.

هاوكات ماوەی دو ساڵە بەردەوام فەرماندەیی چەندین هێرشی فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان دەكات كە گەریلا كاراكانی پەكەكە دەكەنە ئامانج لەناو هەرێمی كوردستاندا.

ئەو هەمیشە لەجموجۆڵدایە بۆ دەست وەشاندن‌و فشار خستنە سەر كەمپی مەخمورو گەریلاكانی یەبەشە لەشنگال‌و هێرشكردنە سەر گەریلاكانی پەكەكە لەزاپ‌و هەفتانین‌و گارەو مەتیناو قەندیل، ساڵی رابردوو لەمیانەی ئۆپراسیۆنی "چڕنوكی هەڵۆ"دا وتی "٧٠٠ بنکەی پەکەکە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی زەمینی‌و ئاسمانی تورکیاوە کراونەتە ئامانج ".

ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنانە دروستكردنی پشتێنەیەكی ئەمنییە بەقولایی 15 بۆ 30 كیلۆمەتر لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا، بەدرێژایی سنوری توركیا‌و عێراق، وەك تەواوكاریی ئەو پشتێنە ئەمنییەی لەرۆژئاوای كوردستان دروستكراوە، بەڵام تا ئێستا ئەم پلانە بەهۆی خۆڕاگری گەریلاوە شکستی هێناوە.

ئەمە سەڕەرای ئەوەی چەندین بنكەی سەربازیی لەلایەن توركیاوە لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا بەڕەزامەندی پارتی دیموكراتی كوردستان جێگیر كراون‌و بۆ دورمەودا هەرێمی كوردستان دەخەنە مەترسیی مان‌و نەمانەوە.

ئاكار هەر بەوەوە ناوەستێ‌ كە هێزێكی گەورەی لەسەر سنوری كوردستانەكانی رۆژهەڵات‌و باشور‌و رۆژئاوا كۆبكاتەوەو هەڕەشە لەپەكەكەو كەمپی مەخمورو یەپەشە لەشنگال بكات، بەڵكو دژ بەگەڕانەوەی پێشمەرگەشە بۆ ناو شاری كەركوك، ئەو لەدوای هەڵبژاردنەكانی پێشتوتری عێراق‌و سەروەختی پێكهێنانی حكومەتدا لەبەغدا، رایگەیاند "لەنزیكەوە چاودێری مافی توركمانەكان لەكەركوك دەكەین"، ئەو وتی "پاراستنی مافی توركومانەكانی كەركوك بۆ توركیا زۆر گرنگ‌و جێی بایەخە‌و رێگە نادەین لەنێوان بەغداو هەولێردا سازشی لەسەر بكرێت".

ئەمە لەناوەندە سیاسیەكاندا وەك دژایەتی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناو كەركوك لێكدرایەوە، كە "بەرەی توركومانی" پێداگریی لەسەر نەگەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شارەکە دەکات‌و دەڵێت "پێویستە کەرکوک لەلایەن هێزەكانی دەوڵەتی عێراقەوە بپارێزرێت".

 

ئاكار، متمانەپێكراوترین پیاوی ئەردۆغان

خلوسی ئاكار یەكێكە لەدڵسۆزترین‌و نزیكترین‌و متمانەپێكراوترین ژەنرالەكانی سوپا لەئەردۆغانەوە، ئەو یەكێكە لەو كەسانەی رۆڵێكی گرنگیان هەبوو لەشكستپێهێنانی ئەو كودەتایەی لەساڵی 2016دا لەدژی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەلایەن سوپاوە كرا.

لەساتەوەختی ئەنجامدانی كودەتاكەدا خلوسی ئاكار كە سەرۆك ئەركانی سوپا بو، لەلایەن كودەتاچییەكانەوە بەبارمتە گیراو هەڕەشەی كوشتنیان لێكرد بۆ ئەوەی بەیاننانمەی پشتیوانی كردن لەكودەتاكە بخوێنێنێتەوە، بەڵام ئەو ئامادە نەبو، ئاکار دەڵێت "دەمانچەیان خستە سەر سەرم‌و وتویان ژیانت مەخە مەترسییەوە بەیاننامەی كودەتاكە واژۆ بكەو بیخوێنەرەوە، بەڵام نەچومە ژێر باری خوێندنەوەی‌و بەرامبەر بەدەوڵەت وەفادار مامەوە".

ئەم ئەمەكدارییەی بەرامبەر بەئەردۆغان لەو رۆژە چارەنوسسازەدا، وایكرد ئەردۆغان پاش بردنەوەی لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2018دا‌و گۆڕینی سیستەمی سیاسی وڵاتەكەی بۆ سەرۆكایەتی، یەكسەر ئاکار بكات بەوەزیری بەرگری‌و لەڕێگەی هەموار كردنەوەی یاساشەوە هەموو دەسەڵاتی هێزە چەكدارەكانی لەدەستدا چڕ بكاتەوە، هەر لەدەسەڵاتی دادگایی كردنی ژەنراڵەكانەوە بگرە تا دەگات بەگواستنەوە‌و كۆتایهێنان بەكاری سەربازیی ئەفسەرانی سوپا‌و سزادانیان.

لەم چوارچێوەیەدا، ئاكار كەوتە ئەنجامدانی پرۆسەی پاكسازی لەنێو سوپادا بەمەبەستی دەرپەڕاندنی ئەفسەرانی سەر بەفەتحولا گولەن‌و نزیكەی 18 هەزار كەسی بەتۆمەتی پەیوەندی كردن بەبزوتنەوەی گولەنەوە لەسوپا دەركرد.

خلوسی ئاكار كە زمانەكانی ئینگلیزی‌و ئیتالی دەزانێت‌و یەكێكە لەكۆڵەكە سەرەكیەكانی دەسەڵاتی ئاكەپەو ئەردۆغان لەتورکیادا، زۆرجار دەماری رەگەزپەرستانەی دەجوڵێ‌‌و شانازی بەتورك بونیەوە دەكات، ئەو لەدوای جەنگی ئازەربایجان‌و ئەرمینیا لەسەر ناوچەی قەرەباخ، رایگەیاند "برایانی ئازەربایجانی هێزو دەسەڵاتی توركەكانیان نیشانی هەموو دونیا دا، هەموو دنیا بینییان ئازەربایجان كێیەو تورك كێیە".

توركیا كە هیچ شتێك بەلایەوە وەك ئاسایشی نەتەوەیی گرنگ نییە، سوپاكەی لەریزبەندی سوپاكانی جیهاندا شەشەمین سوپای گەورەی جیهانەو لەپەیمانی ناتۆدا لەپاش ئەمەریكا گەورەترین سوپایە لەنێو ئەندامانی ناتۆدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×