وەزیری نەوتی عێراق جێبەجێکردنى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا تاوتوێ دەکات
  2022-05-22       467       

وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لە بەغدا كۆبوەوەو تاوتوێی چەند پرسێكیان كرد لەوانە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی "نادەستوریبون"ی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان.

ئاوێنە: وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ یەكشەممە، ئیحسان عەبدولجەبار، لە بەغدا پێشوازی كردوە لە عەلی رەزا گونەی، باڵیۆزی توركیا لە عێراق و لە میانی دیدارێكدا پتەوكردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵات و رۆڵی كۆمپانیا توركییەكانیان بۆ پشتیوانی و بەشداری لە پەرەپێدانی بەرهەم و پڕۆژە نوێیەكانی وەزارەتەكەو كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق، تاوتوێ كردوە.

لای خۆیەوە وەزیری نەوتی عێراق جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوقۆڵییەكان لەگەڵ توركیاو هەروەها كاركردن بۆ زیادكردنی توانای هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە كردۆتەوە ئەوەش لەدوای چارەسەركردنی ئاڵنگارییە یاساییەكانی ئێستا لە رێگەی پڕۆژەو رێككەوتنی نوێوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە دیدارەكەدا گرنگترین پێشهاتەكانیش لەبارەی پرسی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و گازی هەرێم تاوتوێ كراون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لای خۆیشیەوە باڵیۆزی توركیا خواستی وڵاتەكەی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەكان و هاریكاریی هاوبەشی نێوان هەردو وڵات دەربڕیوە بەشێوەیەك كە خزمەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×