فەرماندەیەکی پێشمەرگە: داعش شەڕی پارتیزانی دەکات‌و سود لەخراپی کەش‌و هەوا وەردەگرێت
  2022-05-24       323       


فەرماندەیەکی باڵای هێزی پێشمەرگە لەبارەی هێرشە بەربڵاوەکانی شەوی ڕابردوی داعش لەپارێزگاکانی کەرکوک‌و دیالە ڕایدەگەیەنێت، هێزە عێراقییەکان بەشەوان لەبارەگاکانیان دەرناچن، داعشیش بەناوچەکاندا دەسوڕێنەوەو هێرش ئەنجامده‌دات‌و سود لەخراپی کەش‌و هەوا وەردەگرێت.

ئاوێنه‌: شەوی ڕابردو داعش هێرشیکردە سەرگوندی ئیسڵاحی سەر بەناحیەی جەلەولای پارێزگای دیالە، 6 كەسی کوشت و 7 کەسی تریشی بریندارکرد، هەروەها لەناوچەی بەشیری باشوری کەرکوکیش 6 کەسی تریشی کوشت، لەچەندین ناوچەی تریش هێرشی ئەنجامدا.

عەقید بەختیار حەمە ساڵح، جێگری لیوای 5 ی هێزی پێشمەرگە به‌دەنگی ئەمەریکای‌ وتووه‌، "داعش بەشەوان جوڵەیان زۆرە، ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵیاندایە، چونکە سوپای عێراق لەبارەگاکانیان دەرناچن، بۆسەو ئۆپەراسیۆنیان نیە، بۆیە داعش 50 مەتر لەدوری بارەگاکانی ئەوان، چیان بوێت، دەیکەن."

وتیشی‌، ئەو ناوچانەی هێزەکانی داعشی تێدا دەمێننەوە، ناوچەی چڕ‌و لەبارن بۆ مانەوەو خۆ حەشاردان، "هێزە عێراقیەکانیش بەدوایاندا ناگەڕێن."

دەربارەی سود وەرگرتنی داعش لەخراپی کەش‌و هەواو خۆڵبارین، بەتایبەت بۆ هێرشەکانی شەوی ڕابردو، عەقید بەختیار حەمە ساڵح وتی، "داعش شەڕی پارتیزانی دەکات، سود لەخراپی کەش و هەوا و چڕی دارستانەکانیش وەردەگرێت."

بەپێی وتەی فەرماندەکەی پێشمەرگە، لەکۆتایی مانگی ڕەمەزاندا داعش هەوڵیداوە هێرش بکاتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت، "پێشمەرگە سەنگەرەکانی توندو تۆڵکردووە، پلانی تایبەتمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش داناوە."

فەرماندەکەی پێشمەرگە هۆکاری هێرشی داعشی بۆ سەر گوندنیشینەکان بۆ ئەوە گێڕایەوە تا ترس و تۆقاندن بڵاو بکەنەوە، خەڵک زانیاری لەسەریان نەدەنە هێزە عێراقییەکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×