بافڵ تاڵەبانی و عەلی باپیر جەخت لە یەكڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەكەنەوە
  2022-05-25       363       

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی و عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری، لەكۆبونەوەیەكدا لە هەولێر جەخت لە کۆدەنگی و یەکڕیزی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەكەنەوە بەجۆرێک کە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ببێتە بنەمای کارکردن لەسەر ئەو پرسانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی و عەلی باپیر، ‎سه‌رۆکی کۆمه‌ڵی دادگه‌ریی کوردستان‌ لە شاری ھەولێر کۆبونەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەیەکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئامادەیبون، گفتوگۆی نیشتمانیی و بەرپرسیارانە لەبارەی دۆخی سیاسیی و ئابورییەوە کرا و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێکران. هەردولا جەختیان لە هەنگاوی کرداری و خێرا کردەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان، باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و حوکمڕانییەکی تەندروست کە خزمەتکاری خەڵک بێت.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە لە درێژەی کۆبونەوەکەدا جەخت لە کۆدەنگی و یەکڕیزی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کرایەوە بەجۆرێک کە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ببێتە بنەمای کارکردن لەسەر ئەو پرسانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە و ئەمەش بە فاکتەری بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێم و پێگەی کورد لە بەغدا وەسفکرا.

هەروەها بەپێی راگەیەندراوەكە، ھەر لەکۆبونەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و کۆمەڵی دادگەریی کرایەوە بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد و یەکڕیزیی نیشتمانیی بکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×