جارێكی‌ دیكه‌ نرخی بەنزین له‌سلێمانی‌ بەرزبوەوە
  2022-06-05       631       


لەم ئێوارەیەوە جارێكی‌ دیكه‌ نرخی بەنزین له‌سلێمانی‌ بەرزبوەوەو وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی-یش داوا له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كات بێتە سەرخەت‌و ئەم دۆخە بۆستێنێت، "لەگەڵ حکومەتی عێراق هەماهەنگی بکەن بۆ خستنەکاری پاڵاوتگەکانی کارو بازیان‌و بەرهەمی خامیان بۆ دابینبکات".

ئاوێنه‌: بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بەسایتی‌ خەندان-ی راگەیاندووه‌،" لەئەم ئێوارەیەوە نرخی بەنزین جارێکی دیکە بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەشێوەیەک بەنزینی سوپەر بوە بە 1300، بەنزینی موحەسەن بوە بە 1225 دینار، نۆرماڵ بوەتە 1100 دینار، بەراستی ئەم بەرزبونەوەی نرخە ئێمەشی نیگەران کردوەو کاریگەری لەسەر خواستی هاوڵاتیان لەسەر بەنزین دروستکردوە".

رونیشیکردەوە،" ئێمە دەمێکە هاواردەکەین و هۆشداریمان لەبەرزبونەوەی نرخی بەنزین دابو، هۆکاری یەکەم ئەوەیە نرخی بەنزین خۆی لە بۆرسەدا بەرزە، لەماوەی رابردوشدا ئێران بازاڕی دیکەی بۆ سوتەمەنی نەبو، بەنرخێکی هەرزانتر بە هەرێمی دەفرۆشت، بەڵام ئێستا وەک رابردو نەماوە بە وڵاتانی دیکەی دەفرۆشێت تەنها بڕێکی کەمی بۆ هەرێم دێت، بڕێکیش لە تورکیاوە دێت و ئەوەی دەمێنێت بەرهەمی ناوخۆییە".

وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ده‌ڵێت،" ئێمە وەک بەنزینخانەکان هێندەمان لەسەرە نە‌هێڵین بەنزین لە کۆگاکانی سوتەمەنی ببڕێت، ئەم دۆخە ئێمەشی نیگەران کردوە، چەندین جار حکومەتمان ئاگادارکردوەتەوە ئێستاش داوا دەکەین بێتە سەرخەت، ئەم دۆخە بۆستێنێت، لەگەڵ حکومەتی عێراق هەماهەنگی بکەن بۆ خستنەکاری پاڵاوتگەکانی کار و بازیان و بەرهەمی خامیان بۆ دابینبکات".

جەختیلەوەشکردەوە،" هەوڵێک هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنی بەنزینە 690 دینارییەکەی عێراق، ئەگەر ئەوە بێت تا رادەیەک سودی بۆ شۆفێران دەبێت".


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×