کەمال سەعید تەها کۆیی
ئەڵێن هەمو شتێک بەیاسا رێکخراوە، بەڵام ئایا وایە؟ یان یاسا بۆ هەندێ کەس هەنگوینو ڕۆنەو بۆ هەندێ کەسیش ژەهری مار؟ لەعێراقدا بۆ هەمو بوارەکانی ژیانو ڕێکخسنی وڵات یاسا هەبو، هەرێمی کوردستانێش تا ئەمڕۆ بەشێکە لەعێراق، عێراقیش یاسای زەویو زاری هەیە، ئەو یاسایە تا چەند لەبەرژەوەندی گشتیدایە؟ ئەمانە پرسیار گەلێکن، وەڵامیان ئەوێت.
من خۆم نمونەیەکم کە هەست بەغەدرێک ئەکەم بەرامبەرم کراوە، ئێمە دوو براین (کەریمو کەمال) کوڕی سەعەی تەها کۆیین، کە ڕەنگە لەسلێمانیدا ناوێکی دیار بێت، لەدەوروبەری شاری سلێمانی چەند دۆنمێک زەویمان هەبوە، ئێستا بەر شاقامی سەد مەتری ئەکەوێت، ئەمە دروستەو بەرژەوەندی گشتیە، بەڵام بەشێک لەو زەویانە ئەمێنێتەوە ئەکەوێتە ئەمبەرو ئەوبەری جادەکە، ئایا بۆ ئەبێت نەدرێتەوە بەخۆمانو بدرێت بەخەڵکێکی تر؟! لە کاتێکدا ئێمە باووباپیرانمان لەم شارەدا ژیاون، بۆ ئێمە حەرامە کە شارنشین بوین بۆ خەڵکانێکی تر حەڵاڵە کە پێش ڕاپەڕین مەگەر بەڕێکەوت بە شاردا گوزەریان کردبێت!
خۆ ئەگەر بەیاسای کوژاندن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ئەوا ئەبێت لەسەدا دوانزەی بدرێتەوە بەخۆمان، پرسیارەکە ئەوەیە بۆ ئەدرێتە کەسانێک کە هیچ مافێکیان پێوەی نیە؟! ئێستا مافی ئەوەمان هەیە بپرسین: بۆ (ماڵ لەماڵخۆ حەرامە)؟