"كشانەوەی كۆمپانیا جیهانییه‌كان لەكێڵگە نەوتییەكانی هەرێم، واتای‌ كۆتاییهاتنی‌ هەرێمە لەروی ئابورییەوە"
  2022-06-26       1003       

له‌كاردانه‌وه‌ی‌ كشانەوەی كۆمپانیای (بەیكەر هیوز)ی ئەمریكیی لەكێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، سۆران عومەر سەرۆکی‌ فراکسیۆنی‌ کۆمەڵ لەپەرلەمانی‌ عێراق دەڵێت، "كشانەوەی كۆمپانیا نەوتییەكان واتای‌ كۆتایی هەرێمە لەروی ئابورییەوە".

ئاوێنه‌: بەهۆی كاریگەری بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق‌و رێنماییەكانی وەزارەتی نەوت سەبارەت بەبەرهەمهێنان‌و هەناردەكردنی نەوت‌و كاركردن لەهەرێمی كوردستان، كۆمپانیای (بەیكەر هیوز)ی ئەمریكی كە كۆمپانیایەكی زەبەلاحی جیهانییە لەبواری خزمەتگوزاری كلێگەكانی نەوت، كشانەوەی خۆی لەهەرێمی كوردستان راگەیاند. 

له‌وباره‌یه‌وه‌ سۆران عومەر بەرۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی عیراقی راگەیاندووە، پێشبینی ئەوە دەكرێت كۆمپانیای دیکەی‌ گەورەی جیهانی كە پرۆژەی گەورەیان لەباشوری عێراق هەیە لەكێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بكشێنەوە، چونكە بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ عیراقدا دەوێت كە یاساییەو دوردەكەونەتەوە لەكێشمەكێشەكانی نێوان بەغداو هەرێم.

راشیگەیاندووە، لەئێستادا سەرجەم گفتوگۆو دانوستانەكانی نێوان هەردولا لەسەر پۆستە نەك دەستكەوتەكانی هەرێم و كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند بەتایبەتی لەروی‌ مەلەفی نەوت و غازەوە.

سەبارەت بەكاریگەرییە ئابورییەكانی كشانەوەی ئەو كۆمپانیایە، سۆران عومەر وتویەتی‌، "بەشێوەیەكی گەورە كاریگەری لەسەر حكومەتی هەرێم دەبێت لەروی ئابورییەوە، بەتایبەتی كە 90%ی داهاتی هەرێم نەوتە، بەكشانەوەی كۆمپانیاكان هەناردەكردنی نەوت دەوەستێت، ئەوەش واتای كۆتایی هەرێمە لەروی ئابورییەوەو هیواخوازین نەگەینە ئەوە."

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×