ڕوونکردنەوە لەبارەی کۆچی دوایی هونەرمەند خالید ڕەشید دەدرێت
  2022-07-05       1390       

هونەرمەند، خالید ڕەشید لە فەیسبوکی خۆی دەنگۆی کۆچی دوایی ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەوانەی لە نوسینەکەی دوێنێی توڕە بوون ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە.  

  
دەقی نوسینەکەی هونەرمەند خالید ڕەشید:  
  
ئەوانەی کە لە بەرگی هونەرمەند و نوسەر و ڕۆشنبیردا خۆیان نمایشدەکەن، بەشێکی سەرەکیین لەو نەهامەتییەی کە ئەمڕۆ یەخەی کۆمەڵگەی ئیمەی گرتووە. ئەمانە کاسەلێسییان کردووەتە پیشە و خۆنمایشکردن لە پێستی هونەرمەند و ڕۆشنبیردا، لەپێناو ڕازیکردنی چەند ملهوڕێکی تازەپیاکەوتوودا ئامادەی هەر سازشێکن. ئەمانە جگە لەوەی ئاستی هونەر و نوسینیان لە بوارە هونەرییەکەدا زۆر نزمکردووەتەوە، لە ئاستی کەسایەتییشدا کەسێتیی هونەرمەند و ڕۆشنبیریان هەتا ئاستی کەوش هیناوە.  

ئاخر تۆ ناوت لە هەرچی لیستی شاباشی دەزگا فەرمیی و ئەهلییەکاندا هەیە، کەچی وەکو ئەکتەرێکی شارەزا دەتەوێت ئەو شەرەفە لە ئیمە بدزیت و ساڵانە وەکو کەسیکی مافخوراوی بێبەرییکراو بە ئەدا و دەنگ و سەداوە بەیاننامەیەک دەخوێنیتەوە و باس لە موعاناتی هونەرمەندانی ئازاد و سەرفراز دەکەیت و خۆت دەخەیتە حاڵی جاو. تۆ دەورەکە جوان دەبینیت، دەتەویت لە ڕێگەی ئەو نمایشەوە خۆت بکەیت بە کەسێک کە خۆت نیت؟ نا، تۆ بڕۆ پرسیار لە خۆت بکە بە موچەیەکی ٦٠٠ هەزارییەوە ئەم هەموو خانوو و ماڵ و ئوتۆمبێلەت لەکوێ هێنا؟ کە تەنها خانووەکەت بایی چارەکە ملێۆنێک دۆلارە! ناشێ بڵێیت بە هونەر پەیدامکردووە، یان هیی موچەکەتە؟ هونەرمەند ئەگەر کائینێکی ئازاد نەبێت و خۆی خۆی نەبێت، هەرگیز  نابێتە بەشێک لە مێژووی سامانی خەڵک. 

ژمارەی ئەو هونەرمەند و نوسەرانەی کە لە سەردەمی هیتلەردا 
بووبوونە بەشیک لە مەکینەی بەرهەمهینانی هونەر گومناوکران، تەنانەت کەسوکاریشیان خۆیان نەکردە خاوەنیان و  خۆیان لێبێبەرییکردن، چونکە لەسەر بودجەی خەڵکی ئەڵمان بووبوونە مشەخۆر و ناویاننان: "گوڵە تەختەکان". بە نەمانی هیتلەر ئەوانیش نوقومبوون. کوان ئەو هەموو هونەرکار و نوسەرانی سەردەمی بەعس؟ ئەو هەموو نوسەر  و ڕۆشنبیرە کاسەلێسانەی سەردەمی چاوچیسکۆ و ستالین چییان بەسەرهات؟ بۆ ئیوە پێتانوایە ئیمە ژیاندۆست نیین و هێلانەی خۆمان خۆشناوێت؟ بەردەوامبن، بەڵام باسی ناعەدالەتیی و گەندەڵیی و دزیی نەکەن، چونکە ئێوە شەریکی راستەقینەی ئەو کۆمپانیایانەن، کە میللەتی گەیاندە ئەم ڕۆژە ڕەشەی، کە خەڵک 
ئاوات بە مەرگی خۆی بخوازێت.  

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×