ئا: ئاوێنە
سیاسەتمەدارو نوسەری ناودار، ئەیوب بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی خۆی رادەستی دەوڵەتی تورک کردووەو هەموو بڕیارە ئابوریەکانی باشوری کوردستان لەدەستی دەوڵەتی تورکدایە، ئەو دەڵێت "تورک بووەتە ئاغای باشور".
ئەیوب بابۆ بارزانی کە ئامۆزای مەسعود بارزانیو کەسایەتییەکی دیاری بارزانییەکانەو ئێستا لەدەرەوەی وڵات دەژی، بە"میدیا هابەر"ی راگەیاند یەکێک لەهۆکارەکانی نائارامیو نەهامەتییەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەری دەوڵەتی تورکە، ئەو دەڵێت "لەپەیوەندی نێوان دەوڵەتی تورکو بەڕێوەبەری باشوردا، بەتایبەتی لەپەیوەندی لەگەڵ پارتیدا کۆنتڕۆڵەکە لەدەستی تورکدایە. سەرکردایەتی پارتی لەو ئاستەدا نییە کە لەبەرانبەر تورک بڕیارێکی جیاواز بدات. ئەگەر تۆ نوێنەرایەتی گەلێک دەکەیت، بەرژەوەندی گەل دەپارێزیت، شکۆی گەل دەپارێزیت، نوێنەرایەتی نەتەوەیەک دەکەیتو رێز لەگەل دەگریت، پێویستە لەبەرانبەر دەوڵەتی تورک خاوەن هەڵوێستێکی جددی بیت. من ناڵێم پێویستە دوژمنایەتی دەوڵەتی تورک بکەی، یان پەیوەندیەکان بچڕێنیت، ئەمە لەگەڵ خۆرادەستکردنەوە بەدەوڵەتی تورک، جیاوازی هەیە. واتە لەنێوان پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتێکو تەسلیمبوون جیاوازی هەیە. بەڵام لێرەدا تەسلیمبوون هەیە. پارتی تەسلیم بووەو تورک هەرچیەک دەڵێت، لەقسەکانی دەرناچێت. ئەمەش دۆخێکی مەترسیدارە".
دەشڵێت "بۆ نمونە باسی کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکەخانەکانی باشور بکەین، فڕۆکەخانەی سلێمانیو هەولێر هەیە، هاتوچۆ لەو دوو فڕۆکەخانەیە لەکۆنتڕۆڵی تورکیادایە. هەروەها گرێبەستەکانی نەوتی کۆنتڕۆڵ کردووە. واتە لەسەر دەرهێنانی نەوت، بەکارهێنانی نەوت، فرۆشتنی، بە کورتی کۆنتڕۆڵی هەموو نەوت و غازی کردووە. هەروەها بڕیار لەسەر نرخەکەشی دەدات. واتە کاریگەری تەواوی دەوڵەتی تورکیا لەسەر ئابوری باشور هەیە".
ئەیوب بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی بەتەنها بەگەلەکەیان دەڵێن (نا)، ناتوانن بە تورک بڵێن (نا)، لەدژی گەلەکەیان زۆر ئازان، ئەو دەڵێت "لەباشور ژمارەیەکی زۆری سەرباز تورک هەیە. هەموو شتێکیان بۆ دەکەن. وایان کردووە کە ناتوانن هیچ رێگریەک بکەن. سەربازەکان دێن و دەچن، فڕۆکەکان دێن و دەچن، سیخوڕەکان دێن و دەچن. بووەتە خاکێکی بێخاوەن. واتە تورک ئاغای باشورە. بەم شێوەیە دەوڵەتی تورک هیچ رێزێک لەباشور ناگرێت".
دەشڵێت "گەندەڵی خانەوادەی بارزان لەنێو گەلدا باس دەکرێت، بەتایبەتی ڕۆڵی بەرپرسە باڵاکان لەگەندەڵیدا دیارە. زیادبوونی حسابی بانکیان، کڕینی ماڵی نوێ، قازانج لە رێگەی ناحەق، دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زار، پارەکانیان لەئەوروپاو شتی دیکە... واتە گەندەڵیەکی زۆر گەورە هەیە. لە هەموو جێگەیەک بڵاوبوەتەوە، لەهەموو شوێنێک باسی دەکرێت".
ئەیوب بارزانی ئاماژە بەئەدهەم بارزانی دەدات کە ویستویەتی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لەرۆژهەڵاتی کوردستانەوە بگەڕێتەوە باشوری کوردستان، بەڵام لەلایەن پارتییەوە رێگەی پێنەدراوە، ئەو دەڵێت "ئەدهەمینش وەک زۆر کەس رەخنە گرت. دەتوانم بڵێم هەموو رەخنەکانی راست بووون. رەخنەی لەگەندەڵی گرت، هات ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باشور رەخنە کرد. هیچ کوردێکی خاوەن شکۆو شەرەف لەم دۆخە رازی نییە. داگیرکەر دێتە وڵاتەکەت و تۆش پشتگیری دەکەی. بۆیەش ئەدهەم بارزانی هەڵوێستێکی توندی نیشاندا."
دەشڵێت "بەڕێوەبەرانی باشور گوێ لەرەخنەکانی گەل ناگرن. لێرە راستیەک هەیە. یاساکانی دیوەخان جێبەجێ دەکەن. لە دیوەخان ئاغا بڕیار لەسەر هەموو شتێک دەدات. مافی کەس نییە کە بەئاغا بڵێت، ئاغا هەڵەیە بوەستە. بە هیچ شێوەیەک ئەم مافە بە گەل نادرێت. کاتێک کەسێک لەنێو بەڕێوەبەریدا رەخنە دەگرێت، لێی قبوڵ ناکەن. بۆیەش بینیمان کە رێگریان لە ئەدهەم بارزانی کرد، پارتی هیچ دەنگێکی ناڕازی قبوڵ ناکات. واتە نابێت قسەی ئاغا رەتبکرێتەوە".