لەسەر ئیعدامە بەكۆمەڵەكانی ناو زیندان دادگای سوید سزای هەتاهەتایی بەسەر بەرپرسێكی پێشوی ئێراندا سەپاند
  2022-07-14       1196       

دادگای سوید، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڕیاریدا بە سەپاندنی سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر حەمید نوری، یەكێك لە بەرپرسانی پێشوی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەش بەهۆی بەشداریی لە ئیعدامە بەكۆمەڵەكانی ناو زیندان لە ساڵی 1988دا.

ئاوێنە: حەمید نوری، ئەندامی پێشوی سوپای پاسداران و یاریدەدەری داواكاری گشتی بوە لە زیندانی گەوهەردەشت لە كەرەج لە كاتی ئیعدامە بەكۆمەڵەكانی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی 1988 لە ئێران.

دادوەرانی دادگای سوید، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، حەمید نوری، رۆڵی هەبوە لە سێدارەدانی زیندانیاندا و هەم هاوكاری ئەوانەش بوە كە دەستیان لە ئیعدامی زیندانیاندا هەبوەو بەڵگە پێشكەشكراوەكانیش ئەوەیان ساغ كردۆتەوە.

حەمید نوری لەلایەن داواكارە گشتییەكانی سویدەوە بە "تاوانباریی پێشێلكردنی ئاشكرای یاسا نێودەوڵەتییەكان و كوشتنی بەئەنقەست" تۆمەتبار كرابو و بەپێی قسەی دادوەران لەسەر هەردو تۆمەتەكە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر ناوبراودا سەپێنراوەو هەروەها دادگا بڕیاریشداوە كە پێبژاردن بدرێتە خانەوادەی قوربانیانی ساڵی 1988.

لەكاتی راگەیاندنی سزاكەی حەمید نوریدا، بەشێك لە خانەوادەی قوربانیان و زیندانیانی رزگاربوی ئێران، لە بەردەم دادگا كۆببونەوەو هەلهەلەی شادومانیان كێشا.

بەپێی ئامارەكانی ئەمینستی ئینتەرناشناڵ، نزیكەی پێنج هەزار زیندانی سیاسی لە ئیعدامە بەكۆمەڵەكانی هاوینی ساڵی 1988دا لەماوەی دو مانگدا لە سێدارەدراون، بەڵام تاوەكو ئێستا ژمارەی وردی لەسێدارەدراوان رون نییە.

ئەو زیندانییە سیاسیانە بە فەرمانی ئایەتوڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران و رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئەو وڵاتە، لەسێدارەدران و لە گۆڕستانی دەستەجەمعیدا بەنهێنی بەخاكسپێردران.

ئەمە بۆ یەكەمجارە بەرپرسێكی ئێرانی بەتۆمەتی بەشداریی لە ئیعدامە بەكۆمەڵەكانی زیندانیانی سیاسی لەساڵی 1988، سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێستای ئێرانیش تۆمەتبتارە بەوەی كە یەكێك لە بەشدارە سەرەكیەكانی ئیعدامە بەكۆمەڵەكانی ساڵی 1988ی ئێران بوەو لەسەر رۆڵی لەو ئیعدامانەدا لەلایەن ئەمریكاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە.

حەمید نوری، بەناوی خوازراوەوە لە 9ی 12ی 2019، رویكردوە وڵاتی سویدو لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆكەخانەی ئارلاندای سوید دەستگیركرا. پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای ئازادكردنی دەستبەجێی ناوبراوی كردبو، بەڵام هێشتا هیچ كاردانەوەیەكی لەبەرامبەر بڕیارەكەی دادگای سویددا نیشان نەداوە.

حەمید نوری، لەدایكبوی ساڵی 1960ی تارانە كە ناوی خوازراوی "حەمید عەباسی"یەو یاریدەدەری داواكاری گشتی بوە لە زیندانی گەوهەردەشت لە كەرەج لەسەردەمی ئیعدامەكانی ساڵی 1988داو دواتر بۆتە داواكاری گشتی لە زیندانەكە.

لە كاتی هێرشەكانی سوپای پاسداران بۆ سەر رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەشتاكانی سەدەی رابردودا، ئەندامی سوپای پاسداران بوەو بەشداری لەو هێرشانەدا كردوە.

دادگاییكردنی حەمید نوری لە سوید ماوەی نۆ مانگی پێچوەو 92 دانیشتنی دادگا لەسەر دۆسیەكەی بەڕێوەچوەو 34 كەس لەسەر دۆسیەكە سكاڵایان لەسەر تۆماركردبو و 26 شایەتحاڵیش دژی بون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×