ئەندامێکی دەستەی گشتی رەوتی حیکمەئاشكرای دهكات كه هەریەک لەمستەفا کازمیو محەمەد شیاع سودانی لەدیارترین کاندیدەکانی چوارچێوەی هەماهەنگین بۆ وهرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق.
ئاوێنه: ئەمڕۆ یەکشەممە، رەحیم عەبودی ئەندامێکی دەستەی گشتی رەوتی حیکمە بەمیدیا عێراقییهكانی راگەیاندووه، هەریەک لە مستەفا کازمی و محەمەد شیاع سودانی لە دیارترین کاندیدەکانی چوارچێوەی هەماهەنگین بۆ وهرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق.
وتیشی، چوارچێوەی هەماهەنگی میکانیزمی دەستنیشانکردنی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران داناوەو لەچەند کاتژمێری دهاتودا ناوی کاندیدەکەی ئاشکرا دەکات.
سهركردهكانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناوی ههریهك لهقاسم ئەعرەجیو نسەیف خەتابی-یش دههێنن بۆ وهرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق.
دوێنێ شهممه، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان 101هەمین کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداو رایگەیاند، داوا دەکەن لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆببێتەوەو ئەوانیش لەچەند ڕۆژی داھاتودا کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری دەکەن.
بڕیاریشه سبەی دوشەممە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆببنەوەو گفتوگۆ لەسەر دیاریکردنی ئەو پڕۆژەیاسایانە بکەن کە لەم وەرزەی یاساداناندا دەنگیان لەسەر دەدرێت، هەروەها ئەنجامدانی کۆبونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش لەم هەفتەیەدا تاوتوێ دەکرێت.