بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق سهبارهت بهخۆپیشاندانهكانی لایهنگرانی ڕهوتی سهدر بهیاننامهیهكی بڵاوكردهوهو ڕایگهیاند، "بەهۆی ئەو دۆخە ناهەموارەی لەمڕۆدا یەخەی وڵاتەكەمانی گرتووە، ئەركی سەرشانی هەمومانە پابەندبین بەهێوركردنەوەی دۆخەكەو زاڵكردنی زمانی ئەقڵو دیالۆگو گفتوگۆ".
ئاوێنه: دهقی بهیاننامهكهی سەرۆك كۆماری عێراق:
بەیاننامە...
بە هۆی ئەو دۆخە ناهەموارەی لە مڕۆدا یەخەی وڵاتەكەمانی گرتووە، ئەركی سەرشانی هەموومانە پابەندبین بە هێوركردنەوەی دۆخەكە و زاڵكردنی زمانی ئەقڵ و دیالۆگ و گفتوگۆ، هەروەها پێویستە بەرژەوەندی باڵای وڵات بخەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی دیكەوە، پێویستە هەموو رۆڵەكانی عێراق بە هێز و بازووی خۆیان پێكەوە نیشتمان بپارێزن و لە جاران زیاتر یەكرێز و یەكدەنگبین و نەهێڵین ناكۆكییە ناوخۆییەكان پەرتەوازەمان بكەن.
لە پێناو هێوركردنەوەی دۆخی ئێستا و تەشەنەنەكردنی و بە پەرۆشیمان بۆ بەرژەوەندی وڵات و هاوونیشتمانیان، بە پێویستی دەزانین بەزووترین كات گفتوگۆیەكی نیشتمانی راستگۆیانەی جددی دەستپێبكەین، تاوەكو ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەكەماندا بەرقەرار بێت و عێراقییەكانیش لەوە دڵنیا بكەینەوە كە بەهەر نرخێك بێت ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەپارێزین و دەستبەرداری نابین، بەر بەوانەش دەگرین كە دەیانەوێت بە سودوەرگرتن لە ناكۆكییە ناوخۆییەكان خافڵگیرانە پەلاماری وڵاتەكەمان بدەن و گەل و وڵاتەكەمان بە كێشەی لابەلاوە سەرقاڵ بكەن.
هاوکات جەخت لەوەش دەكەینەوە كە پێویستی زۆرمان بە سازان و گفتوگۆی جددی نێوان لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی رابردوو تاوەکو وڵاتەکەمان ببەینە کەناری ئارام، دۆخی ئێستای وڵات و داواكارییە رەواكانی جەماوەر كە دەمێكە سەبر و ئارامی گرتووە، هەموومان دەخاتە ژێرباری ئەركێك قورسەوە، ئەمەشە پێویستی بە كاری ماندوونەناسانەی جددی و لێبڕاو هەیە بۆ راستكردنەوەی هەڵە و کەموکورتییەکانی رابردوو، هەروەها کۆتاییهێنان بە نادادی و ستەمكاری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی بنەماكانی دەوڵەتێكی توانادار كە بتوانێت خزمەت بە سەرجەم هاووڵاتییەكانی بكات و بیانپارێزێت، جگە لەم بژاردەیەش، هیچ بژاردەیەكی دیكەمان لە بەردەمدا نییە.
عێراقییەكان چاوەڕێ ئەوەن خزمەتی زیاتریان بكەین، ئەوان شایستەی ژیانێكی شكۆدارانەی باشترن كە بتوانن بە ئازادی بژین، ئەوان هێشتا بەسەبر و ئارامگرن و دەیانەوێت شكست و نوشوشستییەكانیان تێپەڕێنن، چونكە لە پێناو شكۆمەندی نیشتمان و سەربەزی وڵاتەكەیاندا هیچ نەماوە نەیبەخشن و نەیكەنە قوربانی.
د. بەرهەم ساڵح
سەرۆك كۆماری عێراق