خۆپیشاندانو مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بەردەوامەو وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق-یش دهڵێت، دۆخی ئەمنی بەغدای پایتهخت جێگیرەو رێگەش بەدروستکردنی ناکۆکی و ئاژاوە نادرێت.
ئاوێنه: پاش ئهوهی دوێنێ شەممە لایەنگرانی رەوتی سەدر دژ بەکاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، خۆپیشاندانیان ئەنجامداو چونە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقو مانگرتنیان ڕاگهیاند، ئهمرۆش لایەنگرانی رەوتی سەدر لەمانگرتنهكهیان بهردهوامبون.
لایەنگرانی رەوتی سەدر رایانگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت یان لەلایەن سەرکردەی رەوتی سەدرەوە، موقتەدا سەدر فەرمانیان پێ نەکرێت لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا ناکشێنەوە.
لایەنگرانی رەوتی سەدر داوا دەکەن کە نابێت سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی و کەسە نزیکەکانی بەشداربن لەحکومەتی نوێی عێراقدا، ھەروەھا داواش دەکەن گۆڕانکاریی ریشەیی و چاکسازیی راستەقینە ئەنجامبدرێت.
لای خۆیهوه لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەلێدوانێکدا دهڵێت، هێزە ئەمنییەکان هەماهەنگی تەواو لەنێوانیاندا هەیەو دۆخی ئەمنی بەغداش دۆخێکی جێگیرەو رێگەش بەدروستکردنی ناکۆکی و ئاژاوە نادرێت، لەئێستاشدا هێزی ئەمنی زیاتر لەناوچەی سەوز بڵاوەی پێکراوە بۆ پارستنی ئاسایش.