چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغداو رەوتی سەدر لە پارێزگاكانی دیكە كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكانیان هێنا
  2022-08-01       1101       
خۆپیشاندەرانی لایەنگری سەدر لە ناسریە بەر لە كشانەوە نوێژی مەغریب دەكەن.

كەمێك لەمەوبەر خۆپیشاندەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغداو هەروەها خۆپیشاندەرانی لایەنگری سەدر لە پارێزگاكانی خوارو و ناوەڕاستی عێراق، دەستیان كرد بە گەڕانەوە بۆ ماڵەكانیان و كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكانیان هێنا.

ئاوێنە: قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق، لە پەیامێكدا بۆ خۆپیشاندەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، بەوەی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانتان روبەڕو نەبونەوەو نەچونە ناو ناوچەی سەوز پەیامەكەی خۆتان گەیاندو داواتان لێدەكەین بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەكانتان.

بەپێی میدیا عێراقییەكان لە ئێستادا خۆپیشاندەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستیان كردوە بە كشانەوە كە ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیك پردی هەڵواسراو لە بەغدا دەستیان بە خۆپیشاندانەكەیان كردبو.

هەروەها ساڵح محەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەكەی سەدر، لە پەیامێكدا بۆ خۆپیشاندەرانی لایەنگری سەدر لە پارێزگاكان رایگەیاند"نوێژ بكەن و بگەڕێنەوە...لە نزاكانتاندا خۆپیشاندەرانی نێو پەرلەمانی عێراق لەبیرمەكەن."

بەپێی میدیا عێراقییەكان دوابەدوای ئەو پەیامە، خۆپیشاندەرانی لایەنگری سەدر لەو پارێزگایانەی عێراق كە دەستیان بە خۆپیشاندان كردبو، نوێژی مەغریبیان كردو پاشان دەستیان بە كشانەوەو گەڕانەوە بۆ ماڵەكانیان كردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×