فالح فەیاز: حکومەتی ئێستا دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی نییە
  2022-08-04       382       

فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، حکومەتی ئێستای عێراق کاربەڕێکەرە، دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی نییە، ئەو داواکارییەش پرسێکی گەورەیە و ناکرێت پەسەند بکرێت گەر لە یەک لایەنەوە داواکرابێت.

ئاوێنە: فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە کەناڵی ئەلجەزیرەی راگەیاندوە،"دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان مەسەلەیەک نییە تەنها پەیوەندی بە رەوتی سەدرەوە هەبێت، پەیوەندی بە لایەن و هاوپەیمانێتییەکانی دیکەشەوە هەیە، تائێستاش چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستی فەرمی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە رانەگەیاندوە".

وتیشی،"پێشنیارەکانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، بۆ چارەسەری قەیرانەکە، دەکرێت گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت بۆ گەیشتن بە هەڵوێستێکی هاوبەش لەبارەیەوە، لەکارخستنی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنیش چارەسەرێکە لەکاتێکدا رێکەوتنی گشت لایەنە سیاسی و هاوپەیمانێتییەکانی لەسەر بکرێت".

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەشکرد،"حکومەتی ئێستا حکومەتێکی کاربەڕێکەرە، دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی نییە، داواکاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کەیسێکی گەورەیە و ناکرێت بەداوکاری تەنها یەک لایەن قبوڵ بکرێت".

ئاشکراشیکرد،"پێشتر ژمارەیەک لایەنی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەیان کرد، ئەمەش خۆی پێویسیتی بە رێکەوتن هەیە لەبارەی وردەکارییەکەیەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی کازمی کردوە، بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە، بەڵام ئەمەش پێویستی بە رەزامەندی لایەنەکانی دیکە هەیە".

هەر لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا فەیاز باسی لەوەکرد،"چوارچێوەی هەماهەنگی هادی عامری راسپاردوە، بۆ پەیوەندی لەگەڵ سەدردا، بەڵام بڕیاری کۆتایی چارەسەری ئەم قەیرانە لەدەستی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە".

جەختیشیکردەوە،" تائێستا چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر هەڵوێستی خۆی سورە سەبارەت بە کاندیدکردنی محمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، دەکرێت، لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتو رێکبکەوین، خۆشمان بۆ هەڵبژاردنی ئایندە ئامادەبکەین، ئەو هەڵانەی لە رابردودا کردومانە تێیدا دوبارەیان نەکەینەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×