میترۆ: دەستبەجێ چالاكوان و ئەندامە باڵاكانی نەوەی نوێ ئازادبكرێن
  2022-08-04       669       

سەنتەری میترۆ رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی ژمارەیەك چالاكوان و ئەندامی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بەبێ ئەوەی بڕیاری دادگا بخەنەڕو، دەستگیریان كردون. دەشڵێت: ئەم هەڵکوتان و دەستبەسەرکردنانە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانن، پێویستە دەستبەجێ ئازادبکرێن.

ئاوێنە: سەنتەری میترۆ، ئەمشەو پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"‎بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەخێزان و هاوڕێیانی چەند چالاكوانێكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێمان گەیشتوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی ژمارەیەك چالاكوان و ئەندامی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ و دەستگیریان کردون بەبێ ئەوەی بڕیاری دادگا بخەنەڕو."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەو هێزانە دەستیان گرتوە بەسەر مۆبایلی ئەندامانی خێزانەکانیان، لە ناویاندا ئایپادی منداڵیشیان بردوە."

میترۆ ئاماژەی بەوەداوە "ئاگادارن کە نەوەی نوێ هیچ راگەیەندراوێکی رەسمی بڵاونەکردۆتەوە کە هانی توندوتیژی بدات، جوڵانەوەکە داوای لە لایەنگرانی کردوە بە هێمنی رای خۆیان دەرببڕن."

‎سەنتەری مێترۆ داواشی كردوە"ئەو لایەنەی ئەم كردەوانەی  ئەنجامداوە بۆ ڕایگشتی رون بكاتەوە بە چ بڕگەو مادەیەكی یاسایی ئەم هەڵمەتەی ئەنجامداوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەم هەڵکوتان و دەستبەسەرکردنانە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە، پێویستە دەستبەجێ ئازادبکرێن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×