هێڤیدار ئەحمەد: راپۆرتێك بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ئامادەدەكەین
  2022-08-06       301       

هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکین بۆ ئەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێبکاتەوە، بەجۆرێک کە فەرمانبەران پلەیان بەرزبێتەوەو ھەمیش نەبێتە بارگرانی بۆ سەر حکومەت، بۆ ئەو مەبەستە وەزیری دارایی میوانداری پەرلەمان دەکەین بۆئەوەی ڕونکردنەوە بدات، چونکە نیوەی موچەخۆران پلەیان بەرزبۆتەوە، کە لە سلکی سەربازین.

ئاوێنە: ھێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند"لە لیژنەی دارایی لیژنەیەکی لاوەکی دروست کراوە، کە من سەرۆکی لیژنەکەم و خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکین کە ھێشتا تەواو نەبوەو لە گفتوگۆ داین کە تەواوبو ڕەوانەی دەکەین بۆ حکومەت و داتامان وەرگرتوە، کە چەند پلەیان بەرزکراوەتەوەو چەندیش ماون و چۆن پلەیان بەرزبکرێتەوە ئەوانەی ماون، بۆیە دەمانەوێت پلەی فەرمانبەران بەرزبکرێتەوە و باری حکومەتیش گران نەبێت، کە حکومەت چۆن دەست بە پلە بەرزکردنەوە بکات، بۆ ئەو مەبەستە میوانداری وەزیری داراییش دەکەین بۆ ئەوەی ڕونکردنەوە بدات".

ھێڤیدار ئەحمەد وتیشی"ئێمە چەند بژاردەیەکمان ئامادەکردوە کە حکومەت بتوانێت پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە، چونکە ئەوانەی سلکی سەربازین وەکو پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و ئەوانەی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەن پلەیان بەرزدەکرێتەوە، بەڵام ئەوانەی فەرمانبەری شارستانین ماون، ئەگەر نا نیوەی موچەخۆران کە لە سلکی سەربازین پلەیان بەرزکراوەتەوەو ئەوانە ماون کە فەرمانبەری شارستانین، بۆیە چەند بژاردەمان ئامادەکردوە پلەی ئەوانیش بەرز بکرێتەوە، چونکە ناکرێت ئەوانەی ماون پلەیان بەرز نەکرێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×