ئەمریكا نیگەرانی خۆی لەبارەی دەستگیركردنی چالاكوانان و رۆژنامەنوسان و پەرلەمانتاران لە هەرێم دەردەبرێت
  2022-08-08       662       

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران لە رۆژی شەممەی رابردو لە سلێمانی و هەروەها دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان، چالاكوانان و ئەندامانی پەرلەمان.

ئاوێنە: باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، هەست بە نیگەرانی دەكەین لەبارەی ئەو راپۆرتانەی باس لە بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژو گوللـەی پلاستیكی بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران و هەروەها دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان، چالاكوانانی مەدەنی و پەرلەمانتار دەكەن لە هەرێمی كوردستان لەمیانی ناڕەزایەتییەكانی رۆژی 6ی ئاب و رۆژانی پێوشوتردا لە سلێمانی.

جەختیشی كردۆتەوە كە بۆ سەركەوتنی دیموكراسییەكان، پێویستە حكومەتەكان پارێزگاری لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە جیهانییەكان بكەن كە دەستور دەستبەری كردون لەنێویشیاندا ئازادی گردبونەوەو خۆپیشاندانی ئاشتیانە، ئازادی رادەربڕین، مافی دەستڕاگەیشتن بە دادگاییكردنی دادپەروەرانەو هەروەها مافی رۆژنامەنوسان بۆ مومارەسەكردنی كارەنیان بەئازادی و بەبێ دەستوەردان.

ئاماژەی بەوەشداوە كە هانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەدەین بۆ پێداچونەوە بەو رێكارانەو جەختكردنەوە لەسەر ئەو رۆڵە زیندوەی كە رۆژنامەگەریی ئازاد و گردبونەوەی ئاشتیانەو سەروەری یاسا لە پڕۆسەی دیموكراسیدا دەیگێڕن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×